فۆڵکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە وڵاتان و کۆمپانیا چالاکەکانی بواری ژیریی دەستکردی پێشکەوتوو کردووە، دەستبەجێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم تەکنەلۆجیایە هەنگاو بنێن و پێش بە “مەترسییە بێوێنەکان” بگرن.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس، فۆڵکەر تورک لە نامەیەکدا بۆ وڵاتان و پەرەپێدەرانی ژیریی دەستکردی ناردووە و لەگەڵ میدیاکان هاوبەشی پێ کردووە، هۆشداری دا جیهان “لە لێواری گۆڕانکارییەکی بێگەڕانەوەدایە؛ گۆڕانکارییەک نەک تەنیا ئێمە، بەڵکوو کاریگەری لەسەر نەوەکانی داهاتووی مرۆڤایەتییش دادەنێت.”
ناوبراو کێبڕکێی ئێستای بۆ بەدەستهێنانی ژیریی دەستکردی بەهێزتر بە “بازدانێک بەرەو مەترسییە گەورەکانی بوون بۆ سەر هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ” ناو برد.
تورک ئەم نامەیەی لە کاتێکدا ناردووە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە مەترسیی سیستمە کۆمپیوتەرییە “ئەوپەڕی ژیرەکان” بەتەواوی دەرکەوتوون؛ بەتایبەت پاش ئەوەی جەیکۆب کاکسۆن، توێژەری کۆمپانیای ئەنسرۆپیک (Anthropic)، لە ترسی ئەگەری لەدەستدەرچوونی کۆنتڕۆڵی ئەم تەکنەلۆجیایە لە دەستی مرۆڤ، بە ئاشکرا دەستی لە کار کێشایەوە.
کارمەندێکی دیکەی ئەم کۆمپانیایە دەستی لە کار نەکێشاوەتەوە، دەڵێت: «ئێمە بەڕاستی و لە ناخی دڵەوە بڕوامان وایە ژیریی دەستکرد دەتوانێت تەواوی مرۆڤەکان لەناو بەرێت.»
بە بڕوای ناوبراو، ئەم ئەگەرە دەکرێت لە ماوەی دەیەی داهاتوودا لە “١٠ لەسەد” زیاتر بێت.
لەنێو شەپۆلی دەربڕینی نیگەرانییەکان و ناڕەزایەتییە گشتییەکاندا، داریۆ ئامۆدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەنسرۆپیک، ڕۆژی شەممە داوای لە کۆمپانیا چالاکەکانی بواری ژیریی دەستکرد کرد “خێرایی و ڕیتمی جووڵەکە دیاری بکەن” یاخود بۆ خاوکردنەوەی ڕەوتی پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆجیایە لەگەڵ یەکتر هەماهەنگی بکەن. ڕکابەرە سەرەکییەکانی، وەک ئیلۆن مەسک لە xAI و سام ئاڵتمەن لە OpenAI، بە ئاشکرا پشتگیرییان لەم پێشنیارە کرد.
ئەم هەڵوێستانە چەند ڕۆژێک پاش ئەوە هاتن جەیکۆب کاکسۆن، پێشتر لە ئۆپن ئەی ئای جیا ببووەوە و پەیوەندیی بە ئەنسرۆپیکەوە کردبوو، بە دەستلەکارکێشانەوە و کشانەوە لەم پیشەسازییە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان و زلهێزەکانی ئەم بوارەی تۆمەتبار کرد بەوەی لە کێبڕکێی پەرەپێدانی مۆدێلە خۆباشکەرەکاندا قومار بە گیانی مرۆڤەوە دەکەن.
تورک نیگەرانیی خۆی پێشان دا لەوەی ئەمڕۆ مرۆڤ بە شێوەیەکی نزیک لە ڕەها پشت بە ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیا دەسەڵاتدارەکان دەبەستێت تا بڕیاری دروست سەبارەت بە پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد بۆ هەموو مرۆڤایەتی بدەن: «من داوا لە حکوومەتەکان و کۆمپانیاکان دەکەم دەستبەجێ لە ڕێگەی کۆڕبەندە فرەلایەنەکانەوە ئامادەکاری بکەن، تا نەخشەڕێگایەک بۆ حکوومڕانی بەسەر مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ دابڕێژن.»

