نووسینگەی سەرۆککۆماریی میسر ڕایگەیاند عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ئەیلوول (٢٤ی خەرمانان) پێشوازی لە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودی کرد و لەبارەی پێوەندییە دووقۆڵییەکان و پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان قاهیرە و ڕیاز وتووێژیان کرد.
لەو پێوەندییەدا هەروەها ڕاگەیەندرا سیسی و بن سەلمان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بیروڕا دەگۆڕنەوە. شازادەی جێنشینی سعوودیە و سەرۆککۆماری میسر سەرەتای ئەم مانگە پێوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دابوو و پێداگرییان لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە کردبووەوە.
دیداری ئەم دوو سەرکردەیە لە کاتێکدایە لە هەفتەکانی ڕابردوودا گرژی و پێکدادانەکانی نێوان عەرەبستانی سعوودی و چەکدارانی حوسیی سەر بە ئێران پەرەیان سەندووە. حوسییەکانی یەمەن، دەسەڵاتیان بەسەر پڕدانیشتووانترین ناوچەکانی یەمەن و بەشێکی زۆری باکووری ئەو وڵاتەدا هەیە، لە کاتی ڕاگەیاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر عەرەبستانی سعوودیەدا لە مانگی تەممووز، هێرشیان بۆ سەر ئەو وڵاتە دەست پێ کردووە و پاپۆڕەکانی سعوودیەیان لە دەریای سووردا کردووەتە ئامانج.
شارەکانی باشوور لە هەفتەی ڕابردووەوە بە بەردەوامی لە دۆخی ئاگادارکردنەوەی هێرشدا بوون؛ دۆخێک ڕۆژی هەینی بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان گەیشتە لووتکە و بووە هۆی لەکارکەوتنی هێڵی بۆڕیی ١٢٠٠ کیلۆمەتریی “ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژاوا” لە نیمچەدوورگەی عەرەبیدا. ئەم هێڵە بۆڕییە وەک ڕێڕەوی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاری دەکرد و گەرووی هورمزی دەپەڕاند.
بن سەلمان بەر لەوەی بەرەو قاهیرە بەڕێ بکەوێت، دوێنێ (دووشەممە ٢٤ی ئەیلوول) لە شاری جەددە لەگەڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەییی نێوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان (سێنتکۆم) کۆ بووەوە و لەبارەی پێوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەروەها دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بیروڕای ئاڵوگۆڕ کرد.

