zagros news agency

ئەمریکا کەشتیگەلی تیۆدۆر رۆزڤێڵت و ١٠ هەزار سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

ئەمریکا هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و ترەمپ هەڕەشەی چڕکردنەوەی هێرشەکان دەکات.

رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا فڕۆکەهەڵگری “تیۆدۆر رۆزڤێڵت” و کەشتیگەلە جەنگییەکەی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکردووە؛ ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە چڕکردنەوەی بۆردومانەکان بۆ سەر ئێران لە دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، فڕۆکەهەڵگرەکە و کەشتییە یاوەرەکانی، یەکشەممەی رابردوو بە نزیکەی ١٠ هەزار سەربازەوە لە شاری سان دیێگۆوە بەرێکەوتوون و دێنە ناوچەکە، تاوەکو پەیوەندی بە هەردوو فڕۆکەهەڵگری “جۆرج دەبلیوو بوش” و “جۆرج واشنتن”ەوە بکەن کە لە ناوچەکەدا جێگیرن.

پاراستنی دامەزراوەکانی وزە لە کەنداو

ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی واشنتن هاوکاتن لەگەڵ هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی بە مەبەستی پاراستنی دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی سعودیە و قەتەر، ئەمەش لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕێکی فراوان دژ بە ئێران.

لەو بارەیەوە، ماڵپەڕی “ئاکسیۆس” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد کە مانگی رابردوو ئەمریکا دوو سیستمی مووشەکیی “پاتریۆت”ی دیکەی رەوانەی ئەو دوو وڵاتە کردووە، تاوەکو دڵنیایی بداتە ریاز و دەوحە کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر شەڕێکدا دامەزراوەکانیان پارێزراو دەبن.

هەڵوێستی ترەمپ و وەڵامی تاران

لە بارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر تاران، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ گۆڤاری “تایم” رایگەیاندووە؛ ئەگەر نەگەنە رێککەوتنێک کە جێگەی رەزامەندیی واشنتن بێت، لەوانەیە دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکان هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران چڕتر بکاتەوە، هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە “لەناوبردنی ئێران دەکرێت ئاشتی لە جیهاندا بەدیبهێنێت.”

هاوکات لە میانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی تێکساس، ترەمپ باسی لەوە کرد کە ئێران لە رووی سەربازییەوە “رووخاوە” و دوای کوژرانی زۆربەی سەرکردەکانی، کەس نەماوە واشنتن گفتوگۆی لەگەڵدا بکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە جەنگەکە کۆتایی دێت و نرخی نەوتیش دادەبەزێتەوە.

لە بەرامبەردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەستبەرداری بژاردەی دیالۆگ نابێت، سەرەڕای ئەوەی کە وەک خۆی باسی کرد، وڵاتەکەی بەردەوام رووبەڕووی پەلامارەکانی ئەمریکا دەبێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

زەوی بەسەر پێشمەرگە و فەرمانبەران دابەش دەکرێت

یاسین

بروسکە وەڵامێک بۆ شاسوار

یاسین

ئەمڕۆ مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەکرێت

یاسین