zagros news agency

بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە؛ ئەمریکا فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی B-1 لە بەریتانیا دەکشێنێتەوە

بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاند، وڵاتەکەیان سەرجەم فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی لە جۆری (B-1) لە بنکەی ئاسمانیی “فەیرفۆرد”ی سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا کشاندووەتەوە. ئەم بڕیارەش بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکان لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بنکەکە و هەروەها ناڕەزایەتی لە شێوازی مامەڵەکردنی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لەگەڵ هەوڵێکی دزەکردن بۆ ناو ئەو بنکەیە هاتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، کشانەوەی ئەو فڕۆکانە وەرچەرخانێکە لە هەڵوێستی واشنتن، بەو پێیەی ئەو بنکە سەربازییەی دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای لەندەن، وەک ناوەندێک بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران بەکاردەهات، و پێش کشانەوەکە 12 فڕۆکەی جۆری B-1ی لێ جێگیر کرابوو.

لەو بارەیەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “هەرچەندە ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکان پێشتر ڕێگر بوو لەوەی بە شێوەیەکی دەستبەجێ جووڵەی هێزەکانمان ئاشکرا بکەین، بەڵام ئێستا پشتڕاستی دەکەینەوە کە سەرجەم فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان لە بنکەی فەیرفۆردەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ بنکە سەرەکییەکانی خۆیان لەناوخۆی ئەمریکا”. پێنتاگۆن جەختیشی کردەوە کە فڕۆکەکان لەناو خاکی ئەمریکاوە لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی لێدانی جیهانی.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە یەکشەممەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و بەریتانیا پووچەڵکردنەوەی هێرشێکیان بۆ سەر بنکەکە ڕاگەیاند و بەو هۆیەوە شەش گومانلێکراو دەستگیرکران. هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات، بەڵام سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئاندی بێرنهام، ئاماژەی بە بوونی بەڵگەی بەهێز لەسەر تێوەگلانی ئێران لەو ڕووداوەدا کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی بەریتانیا بە کەفالەت گومانلێکراوەکانی ئازاد کرد، ئەمەش گومان و ناڕەزایەتی لای لایەنی ئەمریکی دروستکرد.

بەپێی زانیارییەکانی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، بەرپرسانی ئەمریکی ئاگاداری پلانێکی سەر بە ئێران بوون کە ئامانج لێی هێرشکردنە سەر فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و کوشتنی کارمەندانی بنکەکە بووە. لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بەشێک لە سوپای پاسدارانی ئێران، چەند هاووڵاتییەکی بەریتانییان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە بەکرێ گرتووە، کە چەندین هەنگاوی لەخۆگرتبوو، لەوانە ئەنجامدانی کردەوەیەکی چەواشەکارانە لە گەڕەکێکی نزیک بنکە سەربازییەکە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەرشیف ئینتەرنێت مۆزەخانەیەکی گەڕۆک بۆ ویندۆز و ماک و دۆس ڕادەگەیەنێت

یاسین

به بەشداریی سەرۆک بارزانی له پارکی ئۆندرێ سیترۆێن له پاریس پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادەدرێت

سەڵاح

پرێمەرلیگ.. چێڵسی لەنێو خاکی خۆی گۆڵبارانی وێستهامی کرد

یاسین