وتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، عامر ئەلجابری، ڕاستیی ئەو دەنگۆ و دڵڕاوکێیانەی ئاشکرا کرد کە سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی وڵات بۆ شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و لافاو بڵاو ببوونەوە؛ جەختیشی کردەوە کە نیشاندەرە کەشوهەواییەکانی ئێستا ئاماژە بە هیچ حاڵەتێکی توند ناکەن.
عامر ئەلجابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی «شەفەق نیوز» ڕایگەیاند کە بەشی پێشبینیی کەشوهەوا تا ئەم ساتە ئاماژەی بە بوونی هیچ حاڵەتێکی کەشوهەوایی توند نەکردووە و هیچ ڕاپۆرتێکیش بڵاونەکراوەتەوە کە پێشبینی بارانی زۆر بەخوڕ یان توند لەم ماوەیەدا بکات.
ڕوونی کردەوە کە ئەو بارانەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا باریوە سووک تا مامناوەند و پەرتەوازە بووە، کە ئەمەش دیاردەیەکی ئاسایی قۆناغی گواستنەوەیە لە وەرزی هاوینەوە بۆ پایز.
ئەلجابری ئاماژەی بەوە کرد کە نوێکارییە کەشوهەواییەکان نیشانی دەدەن لەم هەفتەیەدا بڕینی بارانی پەرتەوازە لە چەند ناوچەیەکی وڵاتدا بەردەوام دەبێت، هاوڕێ لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما.
جەختیشی کردەوە کە دراوە و ئامارەکانی ئێستا ئاماژە بەوە ناکەن کە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ زۆر توند یان پڕ لە بارانی بەخوڕ بێت.
سەبارەت بە هۆشدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی، وتەبێژی کەشناسی ڕوونی کردەوە کە ئەم ڕێکارانە تەنها بۆ خۆپارێزی و پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتییانە و مانای بوونی لافاو یان بارانی مەترسیدار نادات.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی بوونی تەلی کارەبای بێسەروبەر لە شەقامەکان و کێشەی موەلیدەکاندا، تەنانەت بارانی سووکیش دەکرێت مەترسی دروست بکات، بۆیە هۆشدارییەکان زیاتر خۆپارێزین.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەستەی کەشناسی لە کاتی سەرهەڵدانی هەر گۆڕانکارییەکی نوێدا، ڕاپۆرتی پێشوەختە و فەرمی بڵاو دەکاتەوە.

