لە سعوودیە سزای لەسێدارەدان بەسەر گەنجێکی سریلانکیدا سەپێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک کۆمێنتێکی نوسیبوو کە وەک “سووکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان” لێکدرایەوە. ئەم بڕیارە کاردانەوە و نیگەرانیی بەرفراوانی لە وڵاتی سریلانکا لێکەوتووەتەوە و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی دەستیان پێکردووە.
ئەنووجان سیڤاراسا، کرێکارێکی کۆچبەری تەمەن ٢٤ ساڵە، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سعوودیەوە بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە ئیسلام و پێغەمبەر محەمەد” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
چۆن ڕووداوەکە دەستی پێکرد؟
ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، کاتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە تیایدا گەنجێکی موسڵمان شەق لە سەگێک دەدات کە بەدوای زیارەتکارانی هیندۆسدا دەڕۆیشت لە سریلانکا. ئەمەش مشتومڕێکی ئایینی لەسەر ئینتەرنێت دروستکرد.
لە کاتی دەمەقاڵێیەکی ئەلیکترۆنیدا، بەکارهێنەرێک سووکایەتی بە خوداوەندێکی هیندۆسی دەکات، لە بەرامبەردا ئەنووجان بە زمانی تامیلی کۆمێنتێک دەنووسێت کە سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلامی تێدابووە. هەرچەندە ئەنووجان دواتر کۆمێنتەکەی سڕییەوە و لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوای لێبوردنی کرد، بەڵام وێنەی (سکڕین شۆت) کۆمێنتەکە لەلایەن کەسانێکەوە لە سریلانکاوە بۆ ئەو کۆمپانیایە نێردرا کە لە سعوودیە کاری لێدەکرد، کۆمپانیاکەش دەسەڵاتدارانی سعوودیەی لێ ئاگادارکردەوە و لە مانگی تەممووزدا دەستگیرکرا.
توندکردنی سزاکە بۆ لەسێدارەدان
لە سەرەتادا دادگای تاوانەکانی پارێزگای ئەحسا سزای پێنج ساڵ زیندانی و پێبژاردنی سێ ملیۆن ڕیالی سعوودی (نزیکەی ٨٠٠ هەزار دۆلار)ی بەسەردا سەپاند، بەڵام لە ١٧ی ئەیلوول، داواکاری گشتیی سعوودیە داوای کرد کەیسەکە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی یەکلایی بکرێتەوە نەک یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، دادگای پێداچوونەوەش داواکەی پەسەند کرد و سزاکەی گۆڕی بۆ لەسێدارەدان.
تکای دایکێک و هەوڵە دیپلۆماسییەکان
دایکی ئەنووجان، راسامانیکام یۆگالاکشمی، بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە داوای بەزەیی لە دەسەڵاتدارانی سعوودیە کرد و وتی: “داوای ڕەحمەتتان لێدەکەم بەرامبەر هەڵەکانی کوڕەکەم، تکایە لێی خۆش بن و بیگەڕێننەوە بۆ لامان.”
هەروەها خێزانەکەی ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ٢٨ی ئەیلوولەوە هیچ هەواڵێکیان لەبارەی کوڕەکەیانەوە نییە و پەیوەندییان بە تەواوی پچڕاوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی سریلانکا، ئەنورا کومارا دیسانایاکی، لەگەڵ بنەماڵەی گەنجەکە کۆبووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی دەدەن بۆ بەدەستهێنانی لێخۆشبوونی گشتی. هاوکات پیاوانی ئایینیی بودیی و هیندۆسیی سریلانکاش داوای دەستێوەردانی بەپەلەیان کردووە، بڕیاریشە شاندێکی یاسایی لە کۆڵۆمبۆوە سەردانی سعوودیە بکات بۆ هەماهەنگی لەگەڵ تیمی پارێزەرانی کەیسەکە.
جێی باسە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لە سەپاندنی سزای توند و لەسێدارەدان لە سعوودیە لە بەرامبەر دەربڕینی بیروڕا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەت بەرامبەر بە کرێکارە بیانییەکان کە بەهۆی نەزانینی زمان و نەبوونی پارێزەری پێویست تووشی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە لە دادگاکاندا.

