zagros news agency

ئه‌مه‌ریكا.. لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا؛ پرۆسەی لەسێدارەدانی تەقەکەرەکەی فۆرت هود بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت

 

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئاشکرای کرد، سزای لەسێدارەدانی نیزال حەسەن، کە تاوانبارە بە کوشتنی ١٣ کەس لە هێرشە چەکدارییەکەی ساڵی ٢٠٠٩ی سەر بنکەی سەربازیی “فۆرت هود” لە ویلایەتی تەکساس، لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەخش دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی “ڕۆیتەرز” لە زاری بەرپرسێکی پێنتاگۆنەوە — کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت — بڵاوی کردەوە، سوپای ئەمریکا لە ٣ی کانوونی یەکەمی داهاتوودا سزای لەسێدارەدان بە دەستڕێژی گوللە (تەقەلێکردن) بەسەر حەسەندا جێبەجێ دەکات، و وردەکارییەکانی پەخشکردنەکەش دواتر ڕادەگەیەنرێت.

بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، نیزال حەسەن — کە پێشتر پزیشکی دەروونی بووە لە سوپای ئەمریکادا — دەبێتە یەکەم کەس کە لە دوای ساڵی ١٩٤٥ـەوە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە سزای لەسێدارەدانی لە ڕێگەی دەستڕێژی گوللەوە بەسەردا بسەپێنرێت و جێبەجێ بکرێت.

لەسێدارەدانێکی ئاشکرا لە شوێنی هێرشەکە

پێشتریش پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، نیازی خۆی بۆ بەئاشکراکردنی پرۆسەی لەسێدارەدانەکە راگەیاندبوو و ئاماژەی بەوە کردبوو کە جێبەجێکردنی سزاکە لە هەمان ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجام دراوە کارێکی “حاشاهەڵنەگر و ئاشکرایە”. هێگسێت ڕایگەیاندبوو: “دڵنیا دەبینەوە لەوەی خەڵک بتوانن بینەری ڕووداوەکە بن و بە ئاشکرا بەڕێوە بچێت،” هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئامانج لەمە ئەوەیە نیشانی بدەن کارێکی لەو شێوەیە “دەرئەنجام و باجێکی قورسی” دەبێت.

پێشینەی ڕووداوەکە

ڕووداوەکە بۆ ساڵی ٢٠٠٩ دەگەڕێتەوە، کاتێک نیدال حەسەن لە ناو بنکەی تەندروستیی سەربازیی “فۆرت هود” لە تەکساس دەستی بە تەقەکردن کرد و بووە هۆی کوژرانی ١٣ کەس. ئەم هێرشەش تەنیا چەند هەفتەیەک پێش ئەوە ڕووی دا کە ناوبراو بۆ ئەرکێک ڕەوانەی ئەفغانستان بکرێت.

لە ئابی ٢٠١٣دا، دەستەی دادوەرانی سەربازی حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەر حەسەندا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی بە ٤٥ تۆمەت، لەوانە کوشتنی بەئەنقەست و هەوڵی کوشتن، تاوانبار کرا. نیدال حەسەن کە ئێستا تەمەنی ٥٦ ساڵە، لە کاتی دەستگیرکردنیدا بەهۆی تەقەی پۆلیسەوە تووشی ئیفلیجی بووە و کورسیی کەمئەندامی بەکاردەهێنێت.

ڕەزامەندیی ترەمپ

بەپێی یاسای سەربازیی ئەمریکا، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان پێویستی بە ڕەزامەندیی سەرۆکی وڵات هەیە. لەو چوارچێوەیەدا، پێنتاگۆن ڕایگەیاند کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، لەسەر پێشنیازی پیت هێگسێتی وەزیری بەرگری، ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی سزاکە دەربڕیوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی “ناوەندی زانیاریی سزای لەسێدارەدان”، دوایین سزای لەسێدارەدان کە لەلایەن یەکە سەربازییەکانی ئەمریکاوە بە دەستڕێژی گوللە جێبەجێ کرابێت، بۆ ساڵی ١٩٤٥ دەگەڕێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سبەی لە شارێکی کوردستان کرایە پشووی فەرمی

یاسین

چەند بڕیارێک لەبەرژەوەندی دوکاندارە زیان بەرکەوتووەکانی بازاڕی لەنگە دەردەچێت

یاسین

سەڵاح