شۆڕشێکی ژینگەیی و تەندروستی لە پایتەخت؛ پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوەڕۆی هەولێر مەترسیی پەتاکان بە ڕێژەی لەسەدا ٧٥ کەمدەکاتەوە
لە پێشوەچوونێکی نموونەییدا بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی گشتی لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی فرەڕەهەند و ستراتیژیی پاڵاوتنی ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوە دەبێتە قەڵغانێکی پتەو بۆ بنبڕکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی پەتا و ئەو نەخۆشییە مەترسیدارانەی کە ساڵانێکی زۆر بوو بەهۆی ئاوەڕۆوە هەڕەشەیان لە ژیانی هاووڵاتییان دەکرد.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی ئەو پڕۆژە نیشتمانییەی ئاشکرا کرد کە سیستەمی بەڕێوەبردنی ئاو لە پایتەخت لە سیستمێکی هێڵییەوە دەگۆڕێت بۆ سیستمی بازنەیی و دووبارە بەکارهێنانەوە (ڕیسایکلین).
بەگوێرەی بەدواداچوونە زانستییەکان، پڕۆژەکە گەورەترین کاریگەریی لەسەر کەرتی تەندروستیی گشتی دەبێت؛ بەجۆرێک رێگری لە تەشەنەسەندنی ٧٠ بۆ ٧٥ لەسەدی ئەو نەخۆشییە گوازراوانە دەکات کە سەرچاوەکەیان ئاوی پیس و ئاوەڕۆی قورسە. ئەمەش سەرەڕای پاراستنی هاووڵاتییان لە پەتا و ژەهراویبوون، لە هەمان کاتدا بارگرانییەکی ئێجگار قورس لەسەر نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان لادەبات کە ساڵانە بەهۆی ئاوی پیسەوە ڕووبەڕووی دەبوونەوە.
پڕۆژە ستراتیژییەکەی هەولێر کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی ئاوی خۆڵەمێشی و رەش، بە دوو قۆناغی هاوتەریب جێبەجێ دەکرێت:
قۆناغی یەکەم لە رێگەی قەرزی حکوومەتی ژاپۆن و بە سەرپەرشتیی ئاژانسی “جایکا” بە گوژمەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیایەکی ژاپۆنییەوە دەستی پێکردووە؛ ئەم قۆناغە توانای پاڵاوتنی ٥٢ هەزار مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێکدا هەیە و لە ماوەی ٢٤ بۆ ٢٨ مانگدا تەواو دەبێت.
هاوکات قۆناغی دووەم کە تەواوکەری پڕۆژەکەیە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە گوژمەی ٥٧٩ ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆیی «ئاوزان»ەوە جێبەجێ دەکرێت. بە تەواوبوونی ئەم قۆناغە لە ماوەی نێوان ١٨ بۆ ٢٠ مانگدا، توانای گشتیی پاڵاوتن بەرز دەبێتەوە بۆ ٨٤٠ هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا.
بڕیاریشە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٨ ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی ئەزموونی بکەوێتە کار. ئاوی پاڵێوراو بە بەرزترین ئاستی خاوێنی بەرهەم دەهێنرێت و بە شێوازێکی زانستی لە ئاودانی سەوزایی ناو شار، پشتێنەی سەوزی هەولێر، کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵدا بەکار دەهێنرێتەوە، بەمەش بۆ هەمیشە کۆتایی بە دیاردەی بەکارهێنانی ئاوی قورس و پیس لە ئاودانی بەرهەمە خۆراکییەکاندا دەهێنرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە تەندروستی و ژینگەییە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەستێنی ئاسایشی ئاوی ژێرزەویشی مسۆگەر کردووە؛ بە شێوەیەک تا ئێستا کارکردن لە ١٠٣٠ بیری ئاو لە سنووری هەولێر و قوشتەپە ڕاگیراوە و تەنیا بۆ دۆخی نائاسایی پارێزراون. پێشتر ٥٠ لەسەدی دانیشتووان پشتیان بە بیر دەبەست، بەڵام ئێستا ٦٠ لەسەدی هاووڵاتییان ئاوی سەرزەوی بەکار دەهێنن و پشتبەستن بە بیر بۆ ٤٠ لەسەد دابەزیوە؛ ئامانجی کۆتاییش ئەوەیە لە ماوەی ٥ بۆ ٦ ساڵی داهاتوودا پشتبەستن بە ئاوی سەرزەوی بگاتە ٧٥ لەسەد.
ئەم وەرچەرخانە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا دێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕێگەی گۆڕینی بنەڕەتیی ژێرخانی ئاوەوە. لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستانیش کارکردن لە چەندین پڕۆژەی تردا بەردەوامە، لەوانە پڕۆژەکانی ئاوی بەردەڕەش، گۆپتەپە – چەمچەماڵ و هێڵی سێیەمی دووکان بۆ سلێمانی. هەروەها پڕۆژەکانی ئاوی خەبات، سۆران، کەلار و فراوانکردنی ئاوی قەندیل لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە تا هەرێمی کوردستان هاوتای وڵاتانی پێشکەوتوو ببێتە خاوەنی داهاتوویەکی پارێزراو لە رووی تەندروستی و سامانی ئاوەوە.

