لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ڕۆڵ و گرنگیی ڕێکخستنەوەی کوردانی تاراوگە، هەرمن ئەحمەد بەرپرسی ڕاگەیاندی فیدراسیۆنی رەوەندی کوردی ڕایگەیاند کە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەستپێشخەرییەکی جدییە بۆ گۆڕینی ئامادەییی بەرفراوانی کورد لە جیهاندا بۆ سەرمایەیەکی نەتەوەیی، مەعریفی و دیپلۆماسی. جەختیشی کردەوە کە ئەم پرۆژەیە بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی و سەرپەرشتیی شفا بارزانی، هەوڵ دەدات کاری دیاسپۆرا لە قۆناغی پەرتەوازەیییەوە بگوێزێتەوە بۆ کاری دامەزراوەیی و دروستکردنی لۆبیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
لێدوانێکدا بۆ زاگرۆس هەرمن ئەحمەد:
دەڵێت«لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەماندا، بەهۆی کۆچکردنی بەردەوامی کورد و کوردستانییان بۆ تاراوگە لە قۆناغە جیاوازەکاندا—چی لە ئەنجامی جەنگ، نائارامیی سیاسی، کۆمەڵکوژی، یان فشار و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بووبێت—ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانمان کەوتوونەتە خانەی پەنابەر و کۆچبەرییەوە. ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری کوردی کۆچکردوو دابەش بوون بەسەر وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی و ئاسیایی؛ بە جۆرێک زۆرجار لە ڕێگەی ڤیدیۆ و هەواڵەکانەوە دەردەکەوێت کە کورد گەیشتووەتە ئەو وڵاتانەی کە هەرگیز بیرت بۆی نەچووە. بەم شێوەیە کوردستانییان لە زۆر ناوچەی دیکەی جیهان نیشتەجێ بوون و چەندین نەوەی نوێی کورد لە دەرەوەی جوگرافیای کوردستان لەدایک بوون.
ئەوەش دەخاتەروو: لە بەرامبەر ئەم واقيعەدا پرسیارێکی گرنگ و جەوهەری سەرهەڵدەدات: ئایا لە دیاسپۆرا تەنیا کۆمەڵێک تاک و خێزانی دوور لە نیشتمان، دەتوانێت ببێتە سەرمایەیەکی مرۆیی، مەعریفی، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی بۆ دۆزی کورد؟لە ناوەڕۆکی ئەم پرسیارەدا، گرنگیی پرۆژەی «کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی» دەردەکەوێت؛ پرۆژەیەک کە خۆی وەک چەتری ڕێکخراوەیی بۆ بەستنەوەی کوردستانییانی دیاسپۆرا پێناسە دەکات و هەوڵ دەدات لە جیاوازیی سیاسی، ئایدیۆلۆژی، ئایینی، ئایینزایی، ناوچەیی، شێوەزارەکان و جوگرافیا تێپەڕێت و ناسنامەی نەتەوەیی بکاتە خاڵی کۆکەرەوە.
هەرمن ئەحمەد گوتیشی: لە بیرۆکەی دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆندا، سەرچاوەی فکریی ئەم پرۆژەیە بە دید و پشتیوانیی سەرۆک بارزانی دەبەسترێتەوە؛ بەو تێڕوانینەی کە کورد و کوردستانی، چ لەناو کوردستاندا بژی و چ لەدەرەوەی سنوورەکانی، دەبێت پەیوەندیی نەتەوەیی و کولتووریی خۆی لەگەڵ نیشتمان بپارێزێت. گوتارەکانی خودی کۆنفیدراسیۆنیش بەردەوام ئاماژە بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بۆ چالاکی و دامەزراوەکانی دیاسپۆرا دەکەن.
باس لەوەش دەکات لە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەم پرۆژەیەدا، شفا بارزانی وەک سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی ناسێندراوە و کار دەکات و بە وردی و ڕژدی هەنگاو دەنێت. چالاکییە بڵاوکراوەکانی کۆنفیدراسیۆنیش پیشان دەدەن کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵێکی بەرچاو بۆ فراوانکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی و دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەکانی وڵاتانی خانەخوێ دراوە؛ لەوانە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپی و هەروەها گەیاندنی چالاکییەکانی کۆنفیدراسیۆن بۆ زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بۆ نموونە: وڵاتانی رووسیا، جۆرجیا، کازاخستان، کەنەدا و بەگشتی لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپییش. بەم پێودانگە، کۆنفیدراسیۆن دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ گواستنەوەی کاری دیاسپۆرا لە قۆناغی چالاکیی پەرتەوازەوە بۆ قۆناغی کاری دامەزراوەیی بخوێندرێتەوە.
یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی دیاسپۆرای کوردی ئەوەیە کە جیاوازییە سیاسی و ناوچەیییەکانی کوردستان زۆر جار لەگەڵ کۆچبەران بۆ دەرەوەی وڵاتیش گوازراونەتەوە. لە ئەنجامدا، لە هەمان شار یان وڵاتی ئەورووپیدا دەکرێت چەندین کۆمەڵە و ڕێکخراوی کوردی هەبن، بەڵام پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوانیان سنووردار دەکرێن.
ناوبرا پێشی وایە هەڵبەتە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا دیموکراسییەت یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ژیان و ڕەوەندە جیاجیاکانیش سوودیان لەم دیموکراسییە وەرگرتووە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی کاری ڕێکخراوەییەوە پارێزگاری لە شوناسە نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن، بەڵام مخابن ئێمەی کورد لە ئەدەبیاتی کاری سڤیلدا دەبینە ناحەزی یەکتر و پەرتەوازە دەبین و ڕێککەوتن دەچێتە خانەی ڕێککەوتنی سیاسییەوە.بەڵام بەخۆشبەختییەوە پرۆژەی کۆنفیدراسیۆن هەوڵ دەدات ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت؛ نە بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکان، بەڵکوو بە دروستکردنی چەترێک کە جیاوازی لەژێر ناونیشانێک و ناسنامەیەکی نەتەوەییدا بگوێزێتەوە لە قاڵبی بیرکردنەوەی تەسکی ئایدلۆژی و ئۆرگانی حزبی، بۆ ڕێکخراوێک کە فرەچەشن بێت لە هەموو ڕوویەکەوە.
ئاماژە بەوەش دەکات هەموو کات ئەو خواستەم هەبووە لە شوێنێکدا کار بکەم بۆ ئەوەی یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە تاراوگە دروست بکەین؛ نەک بە مانای یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگەی کوردی لە ئامانجە نیشتمانییەکاندا، بەڵکوو بە مانای توانای کارکردنی پێکەوەیی لەسەر هاوبەشە نەتەوەییەکان بە پاراستنی فرەڕەنگییەوە.
بۆ ئەوەی هەنگاوەکانمان بۆ لۆبیکردن ڕێک بخەین و ببینە هێزی لۆبی بۆ دروستکردنی فشار بەرامبەر ناوەندەکانی بڕیاردان، هەمیشە دەنگمان بڵند دەکەین و دەڵێین پێویستە: خۆمان ڕێک بخەین، تا بتوانین کار لەسەر دوو جۆر لۆبی بکەین: لۆبیی ناوخۆیی و لۆبیی نێودەوڵەتی.»

