zagros news agency

گۆڕینی گۆشەی پێ دەتوانێت ئازاری ئەژنۆ کەم بکاتەوە

توێژەران دەریان خستووە گۆڕانکارییەکی بچووک لە گۆشەی پێ لە کاتی ڕۆیشتندا دەتوانێت ئازاری ئارترۆزی ئەژنۆ کەم بکاتەوە و پرۆسەی تێکچوونی کڕکڕاگە خاو بکاتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی “ساینس دەیلی”، ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیی یەکساڵە نیشانی دەدات ڕێژەی کەمبوونەوەی ئازار بەم شێوازە لەگەڵ کاریگەریی هەندێک دەرمانی ئازارشکێن بەراورد دەکرێت.

لەو توێژینەوەیەدا، کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆکانی یووتا، نیویۆرک و ستانفۆرد ئەنجامدراوە، شێوازێک بە ناوی “ڕاهێنانی ڕۆیشتن” لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا. ئەم شێوازە بە گۆڕینی گۆشەی پێ، فشار لەسەر بەشی زیانلێکەوتووی ئەژنۆ کەم دەکاتەوە.
ئارترۆز نزیکەی ٢٢%ی گەورەساڵانی سەرووی ٤٠ ساڵ تووش دەکات و یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمئەندامیی جووڵەیی. ئەم نەخۆشییە بە تێکچوونی وردەوردەی کڕکڕاگە پارێزەرەکانی جومگەکانەوە بەستراوەتەوە و چالاکییەکانی وەک ڕۆیشتن، سەرکەوتن بەسەر پەیژەدا و هەستانەوە لەسەر کورسی ئازاربەخش دەکات. وەرزش، فیزیۆتێراپی، کۆنترۆڵکردنی کێش و دەرمانەکان دەتوانن نیشانەکان کەم بکەنەوە، بەڵام هێشتا هیچ چارەسەرێکی پەسەندکراو بۆ نوێکردنەوەی کڕکڕاگە لەدەستچووەکان بوونی نییە.
توێژەران ڕوونی دەکەنەوە کە بەشی نێوەوەی ئەژنۆ بە گشتی لە کاتی ڕۆیشتندا فشاری زیاتر هەڵدەگرێت، بۆیە ئارترۆزی ئەم ناوچەیە باوترە. گۆڕانکارییەکی بچووک لە ئاراستەی پەنجەکانی پێ بەرەو نێوەوە یان دەرەوە دەتوانێت دابەشبوونی فشار بگۆڕێت، بەڵام گۆشەی گونجاو بۆ هەمووان وەک یەک نییە و گۆڕانکاریی هەڵە لەوانەیە فشار لەسەر جومگە زیاد بکات.
لەو تاقیکردنەوەیەدا، وێنەی MRI بۆ کەسانی تووشبوو بە ئارترۆزی سووک تا مامناوەند گیرا و شێوازی ڕۆیشتنیان لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا. ئەوان لەسەر تڕێدمیلی هەستەوەردار ڕۆیشتن و گۆشەی پێیەکانیان ٥ یان ١٠ پلە بەرەو نێوەوە یان دەرەوە گۆڕی. پاشان توێژەران کاریگەرترین گۆشەیان بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئەژنۆی هەر کەسێک دیاری کرد.
لە قۆناغی دواتردا، ٦٨ بەشداربوو بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دابەش کران بۆ دوو گرووپی ٣٤ کەسی. گرووپی یەکەم ڕاهێنانی تایبەتی بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەشی نێوەوەی ئەژنۆ وەرگرت و گرووپی دووەم بۆ پاراستنی گۆشەی سرووشتیی پێ ڕاهێنانی پێکرا.
هەردوو گرووپەکە لە شەش دانیشتنی هەفتانەدا بەشدار بوون. لە کاتی ڕۆیشتن لەسەر تڕێدمیل، ئامێرێکی بچووک لەسەر قاچی بەشداربووان دامەزرا کە بە لەرزینێکی سووک، لادان لە گۆشەی دیاریکراو ئاگاداری دەدایەوە. دوای کۆتاییهاتنی ڕاهێنانەکە، داوایان لێکرا ڕۆژانە لانیکەم ٢٠ خولەک شێوازە نوێیەکە پڕاکتیزە بکەن. لێکۆڵینەوەکان نیشانیان دا بەشداربووان بە تێکڕا توانیان گۆشەی دیاریکراو بە جیاوازیی نزیکەی یەک پلە بپارێزن.
دوای یەک ساڵ، ڕێژەی ئازار لە گرووپی وەرگرتووی ڕاهێنانی تایبەت، لە پێوەرێکی سفر تا ١٠، بە تێکڕا ٢.٥ یەکە کەم بووەوە؛ لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە گرووپی بەراوردکاردا ١.٣ یەکە بوو.
سکۆت ئۆلریچ، پڕۆفیسۆری زانکۆی یووتا و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی ئەم توێژینەوەیە، گوتی ڕێژەی کەمبوونەوەی ئازار لە گرووپی یەکەمدا لە چوارچێوەی کاریگەریی دەرمانەکانی وەک ئیبۆپرۆفێن و ئازارشکێنە بەهێزەکاندا بوو.
وێنەکانی MRIیش نیشانیان دا یەکێک لە پێوەرەکانی تەندروستیی کڕکڕاگە لە گرووپی وەرگرتووی ڕاهێنانی تایبەت بە خێراییەکی کەمتر دابەزی. بێگومان، ئەم ئەنجامانە بە مانای نوێکردنەوەی کڕکڕاگە یان وەستاندنی یەکجارەکیی پێشکەوتنی ئارترۆز نایەت.
توێژەران ئێستا بەکارهێنانی کامێرای مۆبایلە زیرەکەکان، پێڵاوی هەستەوەردار و ژیریی دەستکرد بۆ پێشکەشکردنی ڕاهێنانی تایبەتمەند لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن. توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە فێربوونی مەکینە دەتوانێت گۆڕانکارییەکانی فشاری ئەژنۆ بخەمڵێنێت.
سەرباری ئەمانە، ئەم تەکنەلۆژیایانە هێشتا تاقیکاریین و توێژەران جەخت دەکەنەوە گۆڕینی خۆسەریی گۆشەی پێ جێگرەوەی هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانە نییە. هەروەها هێشتا ڕوون نییە ئایا ڕاهێنانی ڕۆیشتن دەتوانێت پێویستی بە نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ دوابخات یان ڕێگری لێ بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

لێدوانێک لە گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

یاسین

وەزیر لە کار لادراوی ئابوویی ئێران: ١٠ ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاری دان

سەڵاح

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوه

سەڵاح