تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیی سەرەتایی کە کلینیک کلێڤلاند لە ئەمریکا کردوویەتی، دەریدەخات چارەسەرێکی جینەییی تاقیکاری بە پشت بەستن بە تەکنیکێکی بێدەنگکردنی جینەکان، توانیویەتی ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش و چەورییەکانی سی لەو نەخۆشانە کەم بکاتەوە کە بەدەست تێکچوونی تێکەڵەی چەورییەوە دەناڵێنن. ئەم ئەنجامانە تەنیا دوای وەرگرتنی یەک ژەم لەو چارەسەرە بەدەستهاتوون.
تاقیکردنەوەکە 31 نەخۆشی لەخۆگرتووە و ئەنجامەکان دەریانخستووە ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش بە رێژەی 26 بۆ 65%ـی و چەورییەکانی سی بە رێژەی 56 بۆ 78%ـی دابەزیون. ئەم دابەزینەش بەپێی بڕی ئەو ژەمەی بەکارهاتووە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. چارەسەرە تاقیکارییەکە دوو پرۆتین دەکاتە ئامانج کە پەیوەندییان بە رێکخستنی چەوری لە جگەردا هەیە، ئەوانیش PCSK9 و APOC3ـن.
ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکە لە دانیشتنە زانستییەکانی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی بۆ ساڵی 2026 نمایشکران.
توێژەران روونیکردەوە، ئەنجامەکان هێشتا سەرەتایین و پێویستە توێژینەوەی گەورەتر و درێژخایەنتر بکرێن. ئەم هەنگاوەش بۆ هەڵسەنگاندنی سەلامەتیی چارەسەرەکە، بەردەوامیی کاریگەرییەکەی و توانای بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ گرنگە.

