zagros news agency

سەرۆکی حکومەت و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەخت لە چارەسەرکردنێکی بنەڕەتییانەی کێشەکان دەکەنەوە

 

ئەمڕۆ دووشەممە 11/9، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, لە بەغدا لەگەڵ عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە.

هەردوولا بە توندترین شێوە هێرشی تیرۆریستی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان سەرکۆنە کرد و هاوڕابوون لە سەر کۆتاییهاتنی هێرش و پەلامارەکانی سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان .

سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ئاماژەی بە پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا کرد کە تا ساڵی 2030 دەگاتە 7 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و ساڵی 2032 دەگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، کە دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. دووپاتیشی کردەوە کە ئەم زیادبوونە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر گەشەپێدان و ئابووری عێراق دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لە بارەی مەفە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا .

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی 2027 کرا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان .

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم تەوەرانە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا :

*بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان: گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کێڵگە نەوتییەکان کرا لەسەر بنەمای دەستوور.

*داهاتی نەوت و نانەوتی: گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی ڕێکخستنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بەڕێوەبردنی کرا بە پێی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.

*مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان، هاوشانی فەرمانبەرانی عێراق کردەوە.

*بودجەی فیدراڵی 2027: پشکی هەرێمی کوردستان و میکانیزمەکانی تەرخانکردنی پشکی هەرێم لە سەر بنەمای دەستوور دەبێت بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.

* یاسای نەوت و گاز: جەخت لە گرنگی پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کرایەوە، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەکان.

هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش و دانوستان و لێکتێگەیشتن کردەوە، وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

نێچیرڤان بارزانی: دەبێت حکوومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بكاته‌وه‌

دڵشاد

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى كه‌ريم شه‌نگالى ده‌كات

سەڵاح

هەڕەشەی ڕەگەزپەرستانە دژی ئەکتەری نوێی هاری پۆتەر دەکرێت

ART