ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای نیشتمانیی هێڵی ئاسنینی فەرەنسا رایگەیاند، بەهۆی ئاگادارکردنەوەیەک لەبارەی بوونی بۆمب، خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەر لە وێستگەی کالێ-فریتوون لە باکووری فەرەنسا بەشێوەیەکی کاتی راگیران.
کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، پاش ئەوەی هێزەکانی پۆلیسی سەربازی (ژاندارم) رێگەیان پێداوە، خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەر لە کۆتایی ئەمڕۆدا دەستیان پێکردووەتەوە.
پۆلیسی سەربازی تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکی رۆیتەرزی نەداوەتەوە، کە لە رێگەی ئیمەیڵەوە بۆ وەرگرتنی لێدوان ئاراستەیان کرابوو.
هاوکات خزمەتگوزاریی یۆرۆستاری شەمەندەفەرە نێودەوڵەتییە خێراکان رایگەیاند، هەندێک لەو شەمەندەفەرانەی لە نێوان لەندەن و پاریس هاتوچۆ دەکەن تووشی ئاستەنگ بوون، چونکە ئەو شەمەندەفەرانەی بەو هێڵەدا تێپەڕ دەبن، بە وێستگەی کالێ-فریتووندا دەڕۆن.
یۆرۆستار روونیکردەوە، رووداوەکە بووەتە هۆی دواکەوتنی گەشتەکانی چوون و هاتن بۆ لەندەن.
ئەم ئاگادارکردنەوەیە لە کاتێکدایە شەپۆلێکی بەرفراوانی هەڕەشە و زانیاریی ناڕاست لەبارەی بوونی بۆمب لە فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا تۆمار کراوە، کە بەمدواییە گەشتە ئاسمانییەکان و قوتابخانەکان و لە هەندێک حاڵەتدا دامەزراوە میدیاییەکانی کردووەتە ئامانج.
تا ئێستا روون نییە ئایا ئاگادارکردنەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیوەندی بەو هەڕەشانەی پێشووەوە هەبووە یان نا.

