دوێنێ چوارشەممە، دادگای تاوانەکانی کەرخ لە عێراق، سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر شەش هاووڵاتیی فەرەنسیدا سەپاند، دوای ئەوەی تۆمەتی ئەندامێتییان لە رێکخراوی “داعش” بەسەردا سەلمێنرا. دانیشتنی دادگاکە بە ئامادەبوونی پارێزەرانی تۆمەتباران و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق بەڕێوەچوو.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەم سزا نوێیانە ژمارەی ئەو فەرەنسییانەی لەم دۆسیەیەدا سزادراون گەیشتووەتە 16 کەس، کە پێشتر دەسەڵاتدارانی عێراق لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە وەریگرتبوونەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە کە دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکەدا کردووە، بە پاڵپشتیی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، کە بە پشتبەستن بە داتابەیسە نیشتمانییەکەی رۆڵی هەبووە لە وردبینیکردنی بەڵگە و دۆکیومێنتەکاندا، پێش ئەوەی تۆمەتباران رەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سزاکان بە پشتبەستن بە ماددەی چوارەم (بڕگەی یەکەم) و ماددەی دووەم (بڕگەکانی یەکەم و سێیەم) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13ی ساڵی 2005، هەروەها بە ئاماژەدان بە حوکمەکانی ماددەی 132 (بڕگەی یەکەم) لە یاسای سزادان دەرکراون.

