سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جەخت دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی تووندترین ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران؛ کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕایگەیاند کە هەر کەسێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، ڕووبەڕووی داخستنی شوێنەکەی یان سەپاندنی سزای دارایی (پێبژاردن) دەبێتەوە.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵمەتە کاتی نییە و بە شێوەیەکی بەردەوام ڕۆژانە چاودێری و بەدواداچوونی چڕ لە تەواوی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەکرێت بۆ ڕێگری لە هەر جۆرە دیاردەیەکی زێدەڕۆیی و ڕێکخستنەوەی شوێنە گشتییەکان.
لە نوێترین هەنگاویشدا، شارەوانیی چوار بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی هەڵمەتێکی مەیدانییان ئهنجام داوە؛ لەم هەڵمەتەدا توانراوە بەشێکی زۆر لە زێدەڕۆییەکانی بازاڕی فەرمانبەران لە ڕێگای بنەسڵاوە و دووسایدی باداوە لاببرێن، هەروەها ژمارەیەک تاسەی نایاساییش لە گەڕەکی کارێزان هەڵگیراونەتەوە.
بڕیاری ئەنجامدانی ئەم هەڵمەتە فراوانە بە ئامانجی پاراستنی سیمای شارستانیی هەولێر و گرنگیدانە بە ژینگەی شەقام، کۆڵان و بازاڕە گشتییەکان.

