zagros news agency

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەیەکی کارەبا لە بەسرە لانیکەم ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٥ کەسیش برینداربوون

بەرپرسانی ئەمنی ڕایانگەیاند، ڕۆژی شەممە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەیەکی کارەبا لە باشووری عێراق، لانیکەم ٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥ کەسی دیکەش برینداربوون، پێشبینیش دەکرێت ژمارەی قوربانییان بەرزبێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع) بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ شوێنی ڕووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە ئاگرەکەی وێستگەی کارەبای «هارسە» لە باکووری بەسرە کۆنترۆڵ بکەن.

بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنی، ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە بۆ ماڵەکانی دەوروبەر و بووەتە هۆی وەستانی کارەکانی وێستگەکە.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاندووە، ئاگرەکە نزیکەی کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی (٠٣:٠٠ بە کاتی گرینچ) کەوتووەتەوە و زۆربەی قوربانییەکان دانیشتووانی ئەو ماڵانەن کە زیانیان بەرکەوتووە و تووشی سووتان و هەڵمژینی دووکەڵ بوون.

وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای کردووە، ڕووداوەکە پەیوەست بووە بە بۆرییەکی گواستنەوەی غازەوە کە غازی بۆ وێستگەی کارەباکە دابین دەکرد.

نووسینگەی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لە تەقینەوەکەی ناو وێستگەکە بکرێت بۆ ئەوەی هۆکارەکانی دیاری بکرێن و لایەنی بەرپرسیار دەستنیشان بکرێت.

بەرپرسە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە داوە، توانای بەرهەمهێنانی وێستگەی هارسە ٨٠٠ مێگاواتە، بەڵام پێش ئاگرکەوتنەوەکە بە نزیکەی ٤٠٠ مێگاوات کاری دەکرد.

لە وێنەکانی شوێنی ڕووداوەکەدا دەردەکەوێت کە بەشێک لە بۆریی غازەکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، زەویی دەوروبەری ڕەش بووە و داروپەردوو و پاشماوە لە ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکە و قەبارەی تەواوی زیانەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.

ژێرخانی کارەبای عێراق ماوەیەکی درێژە بەدەست دەیان ساڵ لە کەمیی وەبەرهێنان، نەبوونی چاکسازیی پێویست و نەتوانینی پڕکردنەوەی خواست لە کاتە لوتکەکاندا دەناڵێنێت، بەتایبەت لە مانگە زۆر گەرمەکانی هاویندا. پێشتریش ئاگرکەوتنەوە و کێشە تەکنیکییەکان لە وێستگە لاوەکی و دامەزراوەکانی کارەبادا بوونەتە هۆی تێکچوونی دابینکردنی کارەبا و بڕانی بەرفراوانی وزە لە وڵاتدا.

 

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

فەرماندەیەکی هێزی ئینتزامیی ئێران بە هۆی تەقینەوەی خۆکوژی گیانی لە دەست‌ دا

یاسین

ئێران: لە وڵامی هێرشی ئەمریکادا تەواوی بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە بە ئامانج دەگرین

سەڵاح

سعودیە : مافی یاسایی خۆمانە وەلامی هەر هێرشک بدەینەوە کە دەکرێتە سەرمان

گوران