ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026. ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، دوو کۆچبەری عێراقی بەشێوەیەکی خۆویستانە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکەیان.
سەحاف لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ئاشکرایکرد، باڵیۆزخانەکە ئەو دوو کۆچبەرەی گەڕاندووەتەوە عێراق، کە پێشتر بە نایاسایی چوونەتە خاکی لیبیا و ئامانجیان پەڕینەوە بووە بۆ ئەوروپا لە رێگەی دەریای ناوەڕاست.
سەحاف روونیکردەوە، باڵیۆزخانەکە هەوڵە مرۆیی، خزمەتگوزاری و کۆنسوڵگەرییەکان بەرزترین ئاست پێشکەش بە کۆچبەران دەکات، ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتییان و گەڕاندنەوەیان بەشێوەیەکی خۆویستانە بۆ لای کەسوکاریان. جەختیکردەوە، باڵیۆزخانەکە تا ئێستا سەرکەوتووبووە لە گەڕاندنەوەی 410 کۆچبەر و بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ژمارەیەک کۆچبەری دیکە.
سەحاف داوای لە خێزانە عێراقییەکان کرد، خۆیان لە چالاکییەکانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و مرۆڤفرۆشی بەدوور بگرن. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، باڵیۆزخانەکە لە رێگەی سەکۆ فەرمییەکانی خۆیەوە بەردەوام هۆشداری و ئاگاداری لەبارەی مەترسییەکانی ئەو کارە بڵاو دەکاتەوە.

