ڕێکخراوێکی حکومی لە وڵاتی لیبێریا رایگهیاند، 25 کۆچبەر کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دیپۆرتکرابوونەوە گەیشتنە لیبێریا.
ئەمە نوێترین گروپی کۆچبەرانی دیپۆرتکراوە کە لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا دەگەنە لیبێریا، لە دوای ئەو هەڵمەتەی کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دژی کۆچبەرانی نایاسایی دەستیپێکردووە.
لیبێریا وڵاتێكی هەژاری ڕۆژئاوای ئەفریقیا، لەم دواییانەدا ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی یەک ساڵدا پێشوازی لە تا 1,200 هاووڵاتی بیانی دەکات.
نوێنەرێکی “لیژنەی لیبێریا بۆ گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنەوە و تێکەڵکردنەوە” ڕایگەیاند کە 25 کۆچبەرەکە، کە دوو ژنیان تێدایە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی کاتژمێر 9:35 (بە کاتی ناوخۆ و کاتی گرینیچ) گەیشتوونەتە لیبێریا.
بەرپرسەکە ئەوەشی خستەڕوو کە زۆربەی ئەندامانی ئەم گروپە خەڵکی ئەمریکای باشوورن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات.

