لە کاتێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەبێ هیچ ئاماژەیەک بۆ چارەسەرێکی نزیک بەردەوامە، هەوڵەکانی واشنتن بۆ بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی هەمیشەیی لەگەڵ تاران درێژەی هەیە و گرژییەکانی ناوچەکەش لە چەندین بەرەوە ئاڵۆزتر دەبن.
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەرگای دانوستانی لەگەڵ سەرکردایەتی ئێران کردووەتەوە، هێرشە پێچەوانەکان و جووڵە دیپلۆماسییەکانیش بەردەوامن.
لەم چوارچێوەیەدا، پاکستان گەشبینی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نزیک لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، هاوکات هۆشداریشی داوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر بەرگەی بەردەوامبوونی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران هۆشداری دەدات کە شەڕە ئابوورییەکەی هیچ کەمتر نییە لە ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکە.
لای خۆیەوە، ترەمپ ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەگەڵ ئێران واژۆ دەکات کە گەرەنتی نەبوونی چەکی ئەتۆمی بکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتی ئێرانی نەداوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێی وایە سەرکردایەتی ئێستا “عەقڵانیترە”، سەرەڕای ئەوەی هێشتا لە دانوستاندا سەختن و دەکرێت ڕێککەوتنێک بکەن و ڕۆژی دواتر لێی پاشگەز ببنەوە.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز” ئەوەشی خستەڕوو کە واشنتن هەوڵی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ تاران دەدات، نەک لێکتێگەیشتنێکی کاتی کە بە گۆڕینی سەرۆکایەتی ئەمریکا بگۆڕێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بەردەوامنەبوونی پابەندبوون بە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو.
لە بەرامبەردا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە بەرەی ئابووریدا شەڕێکی بێدەنگ دەکات و بە زۆر سەختتر لە شەڕی مووشەکی وەسفی کرد.

