ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەرلەمانتارێك: گەڕاندنەوەی 50 هەزار پاکستانی لە عێراقەوە بۆ وڵاتەکەیان 50 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت

 

عامر عەبدولجەبار ئیسماعیل، پەرلەمانتار و وەزیری پێشووی گواستنەوە لە عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی تەمووزی 2024 بڵاوی كردووەتەوە، کۆی تێچووی دارایی گەڕاندنەوەی 50 هەزار پاکستانی لە عێراقەوە بۆ وڵاتەکەیان، نزیکەی 50 ملیۆن دۆلاری پێویستە.

پێشتر، بە گوێرەی پێگەی (شەفەق نیوز)، ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە لەسەر پلاتفۆرمی (X) نووسیوویەتی: ”50 هەزار كەسی پاکستانی، كە بە شێوەی نایاسایی هاتوونەتە عێراق، هێزە ئەمنییەکان تاوەكوو ئێستا تەنیا 31 كەسیان لەو ژمارەیە دەستگیر کردووە.“

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە چوار ساڵی دەوێت، تا ئەو هەموو پاكستانییانە دەستگیر بكرێن، كە بە نایاسایی هاتوونەتە خاكی عێراقەوە.

عامر عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەش کردووە: “ئەگەر تێچووی گەڕاندنەوەی هەریەك لەو كەسانە بۆ وڵاتەکەیان هەزار دۆلار بێت، كەواتە کۆی تێچووی هەموویان بەیەكەوە دەگاتە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار.“

هەینیی ڕابردوو، سەرچاوەیەکی پۆلیسی عێراقی ڕایگەیاند، 33 كەسی پاکستانیی بێمۆڵەتیان لەناو مەزارگەی شێخ عەبدولقادر گەیلانی لەناو بەغدای پایتەختدا دەستگیر کردووە.

پێشتریش، وەزیری کاروباری ئایینیی پاکستان ڕایگەیاندبوو، کە نزیکەی 50 هەزار كەسی پاکستانی، كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چوونەتە ناو عێراق، هەر لەو وڵاتەدان و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.

وەزیرەكەی پاكستان لەسەر پلاتفۆرمی (X) نووسیبووی: “ئەو کەسانە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، ئەوان سەر بە هیچ حزب و ڕێکخراوێک نین، بەڵكوو لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە بە مەبەستی کارکردن چوونەتە عێراق.“

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندی هاوبەشی دەستەی دەستپاكیی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووە

یاسین

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی: عێراق بۆ دابین کردنی گەنم گەیشتە خۆبژێوی

یاسین

وەزارەتی بەرگریی تورکیا: سێ ئەندامی پەکەکەمان لە باکووری عێراق کوشت

سەڵاح