ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئێران: باس لە گران‌کردنی نان دەکرێت

دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی داراییی ئێران سەبارەت بە هەڵەی گەورەی حکوومەت لە خەرجکردنی پشتیوانیی حکوومی بۆ نان و خەرجنەکردنی ١١٦ هەزار ملیار تومەن پارەی گەنمی جووتیاران کە دەکاتەی نزیکەی یەک ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار، ڕاوێژکاری وەزیری داراییی ئەم وڵاتە دەڵێت، پێویستە نرخی نان گران بکرێت.
محەمەد جەلال، ڕاوێژکاری وەزیری دارایی کە گوتەبێژی پرۆژەی ئامانجدارکردنی پشتیوانیی حکوومی بۆ ئارد و نان لە کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی بوو، بە ئاژانسی هەواڵی ئیلنای ڕاگەیاندووە، تێچووی نانەواخانەکان زیاد بووە و دەبێ پێداچوونەوە بە نرخی ناندا بکرێت.
جەلال دەڵێت، کابینەی ڕەئیسی لە سێ ساڵی ڕابردوودا نرخی پشتیوانیکراوی ئارد و نانی پاراستووە و ڕێگەی نەداوە نان گران بێت، بەڵام لەم ماوەیەدا تێچووی کڕێی شوێن و هەقدەستی کرێکارانی نانەواخانان گران بووە و کەلکەلەی نانەواخانەکان بۆ زیادکردنی نرخی نان لە جێی خۆیدایە.
دیوانی چاودێریی داراییی ئێرانیش دەڵێت، وەزارەتی دارایی زیاتر لە ٩٥ هەزار ملیار تومەن، واتا زیاتر لە یەک ملیار و ٥٥٠ ملیۆن دۆلاری لەو پارانەی بە ئەمانەت لە بەردەستیدا بوون، هەروەها لە سەرجەم بودجەی گشتی بەشێوەی قەرز بۆ دابینکردنی کاڵا و کڕینی گەنم خەرج کردووە. بۆ ئەوەش لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ کڕینی گەنم ٣٥.٥ هەزار ملیۆن تمەن، لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ دانەوەی قەزری گەنمی جووتیاران ٤٢ هەزار ملیار تمەن و ١٨.٨ هەزار ملیار تمەنێشی هەر ئەمساڵ بۆ ئەو مەبەستە خەرج کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی چاودێریی دارایی، حکوومەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسا و ڕێنوێنییەکان بڕی ٣١.٥ هەزار ملیار تمەنی لە پارەی تەرخانکراو بۆ گەنمی جووتیاران هەڵگرتووە و کردوویەتە ناو هەژماری پشتیوانییە حکوومییەکانەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە عەلیقولی ئیمانی، کارگێڕی دامەزراوەی نیشتمانیی گەنمی ئێران دەڵێت، جووتیاران ئەمساڵ زیاتر لە ٩ ملیۆن تۆن گەنمیان بە حکوومەت داوە، بەڵام حکوومەت تا ئێستا ١١٦ هەزار ملیار تمەن، نزیکەی یەک ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار پارەی گەنمی جووتیارانی بەلاوە ماوە.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە، ئەمساڵ بەرهەمهێنانی گەنمی ئێران زیاد ناکات، بەڵام هاوردەکردنی گەنم لەم وڵاتە دەگاتە ٣ ملیۆن تۆن و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣٠٪ زیاد دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

باران بارین به‌رده‌وام ده‌بێت

یاسین

مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردن دەکات

یاسین

به‌غدا.. كوڕێك به‌ چه‌قۆ باوكی خۆی كوشت

سەڵاح