ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئێف بی ئای: کەسێکی پاکستانی پلانی کوشتنی ترەمپ داناوه‌ کە پەیوەندیی بە ئێرانه‌وه‌ هەیە

 

به‌ڕێوه‌به‌ری ئێف بی ئای، ئاشكرای كرد، پێدەچێت پلانی تیرۆرکردنی دانۆڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و سیاسەتمەدارە پلە باڵاکانی دیکە، کاری هاووڵاتییەکی پاکستانی بێت کە پەیوەندی بە تارانەوە هەیە.

ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی دادی ئەمەریکا تۆمەتبارکردنی ئاسیف مێرچانتی تەمەن 46 ساڵی ڕایگەیاند و گوتی لە مانگی چواری ڕابردوو گەیشتووەتە ئەمەریکا بۆ ئەوەی لەگەڵ هێرشبەرەکان کۆببێتەوە.

کریستوفەر ڕای، بەڕێوەبەری FBI لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، وادیارە تیرۆرکردنەکە لەلایەن هاووڵاتییەکی پاکستانییەوە پلانی بۆ دانراوە کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئێراندا هەیە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە پیلانگێڕییە بیانییەکان بۆ کوشتنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، ڕایگەیاند کە FBI بە هەموو توانای خۆیەوە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکات.

تۆمەتبارکردنەکە کە لە نیویۆرک تۆمارکراوە، ئامانجی تایبەتی پیلانەکەی مێرچانت ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕاگەیاندنەکە چەند هەفتەیەک دوای توندکردنەوەی ئاسایشی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دێت دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند هەڕەشە لە دژی ترەمپ هەیە کە پەیوەندی بە تارانەوە هەیە..

مایک تۆرنەر، ئەندامی کۆنگرێس کە کۆماریخوازە، ڕایگەیاند پێشتر بەرپرسانی هەواڵگری لە هەڕەشەکانی ئێران و بارودۆخی دەستگیرکردنی مێرچانت ئاگادار کردووەتەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەمەریکا سێ کەسی تۆمەتبار کرد کە یەکێکیان لە ئێران نیشتەجێ بوو بە پلانی کوشتنی دوو ئەمەریکایی لە ویلایەتی میریلاند.

کارین جان پیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئەوان چەندین جار بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانی ئێران لە دژی سیاسەتمەدارانی پێشوو دەکەن.

جان پیێر ڕایگەیاند ئەوان ئەم کێشەیە بە پرسێکی ئاسایشی نیشتمانی و ناوخۆ دەزانن و گوتی هەوڵدەدەن خودی ئێران ئاگادار بکەنەوە.

لە تۆمەتەکەدا باس لەوە کراوە کە مێرچانت لە مانگی چواری ڕابردووەوە دوای مانەوەی دوو هەفتە لە ئێران لە پاکستانەوە هاتووەتە ناو تورکیا و دواتر گەیشتووەتە شاری هیوستن لە تەکساس.

بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن مێرچانت گوتویەتی ئەو کەسانەی هێرشیان دەکرێتە سەر ئەو کەسانەن کە زیان بە پاکستان و موسڵمانان و جیهان دەگەیەنن.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە

یاسین

تورکیا دەستی بەسەر گەورەترین باری مادە‌ی هۆشبەردا گرت

سەڵاح

وەزارەتی دارایی چەند بڕیارێک دەردەکات

یاسین