ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەمەریکایی: لە سوریا به‌ درۆن هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانمان

بەرپرسێکی ئەمەریکایی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشییان کراوەتەسەر، بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانیش هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەمە دووەمین هێرش بوو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا کە ناوچەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەگەری هێرشی زیاتری ئێران و هاوپەیمانەکانی.

لە 31 ی مانگی حەوتدا سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردووە لە دژی ئیسڕائیل، تاران ئیسڕائیلی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کوشتنی هەنییە. ئیسڕائیل بەرپرسیارێتی کوشتنەکەی ڕانەگەیاندووە.

ئێران وتوویەتی ئەمەریکا بەرپرسە لە کوژرانی هەنییە، ئەوەش بەهۆی پشتیوانییەکانییەوە بۆ ئیسڕائیل.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی ” ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە هیچ زیانێکی گیانی نادەن، بەڵام هەڵسەنگاندنی تەندروستی بەردەوامە. لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکە دەکەین.”

هێرشەکە لە ناوچەی نیشتنەوەی ڕومالین ڕوویداوە، کە میوانداری هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی تێدایە.

ڕۆژی دووشەممە دوو موشەکی کاتیوشا ئاڕاستەی بنکەی سەربازیی عەین ئەلئەسەدی ڕۆژئاوای عێراق کران و پێنج سەربازی ئەمەریکایی بریندار بوون، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی بە بەرپرس دانا لەو هێرشە.

ئەمەریکا 9000 سەربازی لە سوریا هەیە و 2500 سەربازی دیکەی لە عێراقدا هەیە کە دەڵێت ئەرکەکەیان پێدانی ڕاوێژ و یارمەتیدانی هێزە ناوخۆییەکانە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕێژەی خۆکوشتن لە عێراق ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات

سەڵاح

بانکی ناوەندیی خستنەڕووی دۆلاری گەیاندە بەرزترین، دیناریش بەرامبەر بە دۆلار لە دابەزیندایە

سەڵاح

مەسرور بارزانی : گۆڕانکاری نەک تەنیا پێویستە، بەڵکو زەرورەتێکی حەتمیشە

یاسین