ئەمڕۆ دووشەممە 9/9 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
تەوەرێکی سەرەکيی کۆبوونەوە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە پێویستە لە کەشێکی ئارام و دادپەروەرانە و بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و لە ژێر چاودێريی نێودەوڵەتی و دوور لە پێشێلکاری ئەنجام بدرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوە، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاووتوێ کرا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لە هەولێر کرد، کە گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە و ئەرێنی بەڕێوەچوون و ئەنجامەکانی لە بەرژەوەنديی هاووڵاتییەکانماندا دەبێت.