قایمقامی قەزای ئاکرێ گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ئەمساڵ ئاھەنگی یادی نەورۆز بە فەرمیی لە ئاکرێ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری تەواو کراوە و ئاھەنگەکەش دوای فتار بەڕێوە دەچێت چونکە یادەکە دەکەوێتە ناو مانگی ڕەمەزان.
دکتۆر دلاوەر بوزو، قایمقامی قەزای ئاکرێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بڕیارە ئەمساڵ نەورۆزێکی جیاواز لە ئاکرێ ئەنجام بدرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ئەمساڵ بە شێوەیەکی فەرمیی ئاھەنگی نەورۆز لە ئاکرێ بکرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ گەشتیارێکی زۆری بیانی و ناوخۆیی لەو یادە ئامادەبن، ئێمەیش وەک ئامادەکاری چەندین پڕۆژە ئەنجام دەدەین، لەوانە پڕۆژەی فراوانکردنی سەرێ گری کە ھەزار و ١٠٠ مەتر دەبێت و لە ١٠/٣ کارەکانی تەواو دەبێت.
دکتۆر دلاوەر بوزو گوتیشی: لە چەند ڕۆژی داھاتوو بە فەرمیی بەرنامەی یادی نەورۆز لە ئاکرێ ڕادەگەینین کە چ کار و چاڵاکییەک لەو یادە ئەنجام دەدەین، لەبەر ئەوەی نەورۆزی ئەمساڵ دەکەوێتە ناو مانگی ڕەمەزان بەشێوەیەکی جیاواز یادەکە دەکەینەوە.
قایمقامی قەزای ئاکرێ ڕوونیشی کردەوە: چەندین لیژنەمان پێکھێناوە، لیژنەی سەرەکی خۆم سەرپەرشتی دەکەم و چەندین لیژنەی لاوەکیش دروستکراون، بڕیارە دوای فتار لە مانگی ڕەمەزان دەست بە ئاھەنگی نەورۆز بکەین و بازاڕێکیش پێش ھاتنی نەورۆز دەکەینەوە، چاوەڕێ دەکرێت ئاکرێش بە فەرمیی ببێتە پایتەختی نەورۆز.
بڵند ئیبراھیم