ئەمڕۆ دووشەممە 2025.1.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە سەر فەرمان و ڕەزامەندیى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ڕەزامەندیی دا بە 500 هاووڵاتیی دیکە لە هەولێر، بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی.
لەپێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقییەکان لە بەرژەوەندیى هەژاران و کەمدەرامەتان، لە چوارچێوەى پڕۆسەى ڕادەستکردنى ڕێگەپێدانى دروستکردنى خانوو لەسەر زەویی سندووقی، لە ڕێورەسمێکدا لە دیوانى پارێزگا، 500 ڕێگەپێدانى دیکەى دروستکردنى خانووى لەسەر زەویی سندووقی ڕادەستى خاوەنەکانیان کرد.
پارێزگارى هەولێر لە ڕێوڕەسمەکەدا، وێڕاى دەستخۆشى لە قایمقامیهت و شارەوانى و فەرمانگەکانى دیکەى خزمەتگوزاریى سنوورى پارێزگاى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیى خانووبەرەى میریى پارێزگا، بۆ ڕاییکردنى دۆسییەکانى خاوەن زەوییە سندووقییەکان و ئەنجامدانى کارەکان، ئاماژەى بەوە دا، کە بابەتى زەویى سندووقى بەشێکى دیکەیە لە خزمەتگوزارییەکان، کە لەسەر فەرمانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دەستى پێ کراوە و ڕایگەیاند: “بۆیە بە بەناوى خۆمان و بەناوى ئێوەوە سوپاسى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین، بۆ چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقییەکان لە بەرژەوەندیی هەژاران و کەمدەرامەتان، ئومێد دەکەین ئێوەش لە زووترین کاتدا بتوانن دەست بە دروستکردنى خانووەکانتان بکەن و ببن بە خاوەنى خانووى خۆتان”.
جێگەى باسە، وهك كارئاسانی بۆ هاووڵاتییانى هەژار و کەمدەرامەت و لەپێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون، لەسەر فەرمانى سەرۆکى حكوومهتی ههرێمى کوردستان، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بڕیارى تەملیککردن و مۆڵەتپێدان بۆ دروستکردنى خانوو لەسەر زەویی سندووقى دراوە و تاوەکوو ئێستاش 9 هەزار هاووڵاتیی لەو بڕیارە سوودمەند بوونە و ڕێگەپێدانیان پێ دراوە، بۆ دروستکردنى خانوو لەسەر زەویى سندووقى و لەنێو حەرمى گوند، هێشتاش پڕۆسەکە بەردەوامە و بەشێکى زۆر مامەڵەى دیکەش لەلای لێژنەى پارێزگا ماوە.