zagros news agency

عێراق وڵاتێکی مینڕێژکراوە

عێراق بەردەوامە لە خەبات دژی میراتی وێرانکەری مینە چێندراوەکان بە بەهۆی دەیان ساڵ ململانێوە بەشێکی زۆری ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی مەترسیدار بە مین پیس بووە. سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان، لابردنی ئەم مینانە هێشتا بەربەستێکی گەورەیە و هەزاران عێراقی هێشتا لە مەترسی دان.
بەگوێرەی ئاماران، تەنیا لەدوای کۆتایی هاتنی ڕژێمی پێشوو، هەزاران هاووڵاتیی عێراقی بەهۆی ئەم مینە چێندراوانەوە بوونەتە قوربانی.
بە گوتەی فازل ئەلغەراوی، بەرپرسی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافی مرۆڤ لە عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٣وە زیاتر لە ٦٦٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە مینڕێژ کراوە. سەرەڕای ئەوەی تا ساڵی ٢٠٢٤، ٤٥٤٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە پاککراوەتەوە، بەڵام زیاتر لە ٢٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە بە مەترسیدار ماوەتەوە.
پارێزگای بەسرە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بە مەزەندەکردنی ١٢٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە هێشتا هەروا پیسە و هەروەها پارێزگاکانی موسەنا و دیالە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەرە.
ئەلغەراوی داوای لە حکومەتی عێراق و دەزگا نێودەوڵەتییەکان کرد هەوڵەکانی لابردنی مین بە تایبەتی لە بەسرە چڕتر بکەنەوە و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان و هەڵمەتەکانی هۆشیاری گشتی لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن.
ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن بەهۆی هەڕەشەی بەردەوامی مینە چێندراوەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار عێراقی گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵن. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا زیاتر لە ١٥٠ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراو و برینداربوون. دوایینیشیان سێ منداڵبوون لە باشووری بەسرە بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە کاتی یاری تۆپی پێدا گیانیان لەدەست دا.

هەواڵی پەیوەندیدار

چاوەڕوانی کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکوومەتی سووریا دەکرێت

یاسین

‎تونێلی پیرمام بە یەکجاری بەڕووی بارهەڵگرەکاندا دادەخرێت

گوران

ئەمریکا بە بەهای ١٨ ملیار دۆلار ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل تاووتوێ دەکات

سەڵاح