ئەمرۆ یەکشەممە 2025.2.23، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازی لە شاندێکى وڵاتى بەریتانیا کرد، کە پێکهاتبوو لە مارتن راوند، سەرۆکى شارەوانى میدستون و كارين قستەنتين، جێگرى سەرۆکى کۆمەڵەى کرێکارانی هەرێمی کێنت و روجر ليونز، سەرۆکى پێشووى کۆمەڵەى کرێکاران و سەرۆکى یەکێتى سەندیکاى کرێکارانى هەرێمى کێنت و جاسين كابلان و د.خۆشناف قازى و د. فەرحان ئەحمەد.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان، هیواى خواست ئەو ماوەیەى لە شارى هەولێرن بە خۆشى بەسەربەرن و لە سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان سەرکەوتووبن.
لەلایەن خۆیانەوە، شاندى میوان سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پیشوازییەکەى و پوختەیەکیان لە بارەى مەبەست و ئامانجى سەردانەکەیان بۆ هەولێر و هەرێمى کوردستان خستەڕوو، هەروەها خۆشحاڵى خۆیان بە سەردانیکردنى هەولێر و ئەو ئاوەدانى و ئارامى و ئاسایش و دیموکراسیەى بەرقەرارە نیشاندان، لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بەو زوڵم و ستەمەدا کە لە مێژوودا دەرهەق بە گەڵى کورد و پێکهاتەکانى کراوە و گوتى، تائێستاش ئەو زوڵمە بەردەوامە، ئەگەر ئەو زوڵم و ستەمە نەبوایە، ئەوە هەولێرى پایتەخت و هەرێمى کوردستان زۆر لە ئێستا پێشکەوتووتر و ئاوەدانتر دەبوو.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، تیشکی خرایەسەر گەشەسەندنى پێکەوە ژیانی ئاینى لە هەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر جەختى لەوەکردەوە کە هەولێر وەک شارێکى مێژووى بە درێژایی مێژوو لانەكهى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و ئاشتەوایى و برایەتی و خۆشەویستی بووه بۆ هەمووان و لە ئێستاشدا بۆتە نموونەیەکى جوانى ناوچەکە لە جیهان، بەدرێژایی مێژوو ناحەز و دوژمنانى گەلەکەمان نەیانتوانیووە بە هێز و دەسەڵات ئەوپێکەوە ژیانە لەبارە ببەن.
دواتر باس لە چۆنیەتى بەهێزکردنى پەیوەندییە بازرگانى و پیشەسازییەکانى نێوان هەولێر و میدستون و هەرێمى کێنت کرا، بۆ ئەو پرسەش پارێزگارى هەولێر، ڕایگەیاند، ئەگەرچى ژمارەیەکى زۆرى کۆمپانیا بریتانیەکان لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن، لەگەڵ ئەوەدا خواستى ئێمە بەهێزکردنى پەیوەندییە بازرگانى و پیشەسازییەکانە لەگەڵ هەموو وڵاتان، لە نێویاندا بەریتانیا، وەک پارێزگاى هەولێر دەرگامان بۆ وەبەرهێنەر و بارزگانانى وڵاتەکەتان کراوەیە و ئامادەین هەموو ئاسانکارى و هاریکارییەک لە چوارچێوەى یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان پێشکەش بەو کۆمپانیا و بازرگان و وەبەرهێنەرانە بکەین کە دەیانەوێت ڕۆڵیان هەبێت لە بەرەوپێشبردن و پێشخستن و پهرهپێدانی وەبەرهێنان لە هەولێرى پایتەخت.
لە کۆتایشدا، گفتوگۆ لە بارەى بارودوخى ناوچەکە بە گشتیى و ئەو گۆڕانکارى و پێشهاتانەى لە ناوچەکە هاتۆتە ئاراوە کرا و شاندى میوان دووبارە زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پێشوازییەکەى و پاڵپشتییەکانى.