وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات بەهۆی سیستەمی كامێرای تیژڕەویی رووداوەكانی هاتوچۆ بە رێژەی 50% كەمی كردووە، جەختیش دەكاتەوە کە ئەو سیستەمە بۆ پاراستنی گیان و سامان و ئابووریی خەڵكیش رۆڵی خۆی هەبووە.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، لە كۆبوونەوەیەكدا هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: “كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەویی بە هەرسێ جۆری جێگیر، گەڕۆك و خاڵ بۆ خاڵ، لە ماوەی ساڵی 2024دا لانیكەم 50%ی رووداوەكانی هاتوچۆی كەمكردووەتەوە.”
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئەمەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر 50%ی مردن و برینداری سەخت.
جەختیشی كردووەتەوە، كە ئەو سیستەمە، بۆ پاراستنی گیان و سامانی خەڵكیش كە ئۆتۆمبێلەكانیان پارێزراو بووە و ئابووریی خەڵك زیانی بەرنەكەوتووە.
هێمن میرانی گوتیشی: “ئێستا بەشی هەرە زۆری هاووڵاتیان بە خۆشحاڵییەوە سەیری کامێراکان دەکەن و بەرهەمەکانی دەبینن کە دۆخێکی دروست کردووە شوفێریکردنی لەزەت و سەلیقەی بۆ گەڕاوەتەوە و سەرکێشی و پێشبڕکێ و لێخوڕینی نابەرپرسیاری تا ئەندازەیەکی گەورە کەمکردووەتەوە.”
بەرپرسەكەی ناوخۆ باسی لەوەش كردووە: “پێشبینی دەکەین کە سیستمی نوێی ڕاهێنانی شوفێران و دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێریش دەبێتە هاوکارێکی دیکەی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ڕێی پەروەردەکردنی شوفێرێکی هۆشیارتر، پڕ زانیاریی یاسایی، سەلامەتتر و بەرپرسیارتر.”