سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، بەو دوو ڕێککەوتنامەیەی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایان ئیمزا کردووە، قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێ دەکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند “قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێ دەکات بە ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەگەڵ (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس).”
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، بەهای ئەو دوو ڕێککەوتنامەیە “دەیان ملیار دۆلارە، کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکات و هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئابووری کوردستان بەهێزتر دەکات.”
سێشەممە، 20-05-2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) ئیمزا کران.
لەوبارەوە ستیف لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا وێڕای پیرۆزباییکردن، گوتی: مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر و فراوانتر کردووە. پەیوەندییەکی زۆر باش و بەهێزمان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکات سەرکردایەتیی سەرۆک وەزیران پەیوەندییە بازرگانییەکانی باشتر کردووە.
ستیف لوتس باسی لەوەش کرد “سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی سەرکردایەتی باش و حەکیمانەی گێڕاوە، هەروەها پێشتریش بە شاندێکی بەهێز سەردانی واشنتنی کردووە، ئەمەش پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر کردووە.”


