سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سێناتۆری ئەمەریکی جاکی ڕۆزن، لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوانیان، هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر ڕێزگرتن و پاراستنی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
شەممە 31ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە سێناتۆری ئەمەریکی جاکی ڕۆزن، کرد.
لە دیدارەکەدا، جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە بوارەکانی ئەمنی و ئابووری کرایەوە؛ لەم بارەیەوە، ئاماژە بە گرنگیی سەردانی سەرکەوتووی ئەم دواییەی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەمەریکا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمەریکا کرا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ڕێزگرتن و پاراستنی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و سووریا و ناوچەکە بە گشتی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .

