مایک هاکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، لە ڕەخنەیەکیدا لە هەوڵەکان بۆ بەفەرمی ناساندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی، بە حکوومەتی فەرەنسای گوت، بەشێک لە ناوچە کەناراوییەکانی خۆی بۆ ئەم کارە تەرخان بکات.
بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسی «چارەسەری ئاشتیانەی پرسی فەلەستین و جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی» بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی عەرەبستانی سعوودی و فەرەنسا ساز بکات. ئەم کۆنفرانسە لە ١٧ تا ٢٠ی حوزەیران لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە کاردانەوەی بەرانبەر ئەم کۆنفرانسە، گوتی: «ئەگەر فەرەنسا ئەوەندە سوورە، با بەشێک لە ڕیڤیێرای (کەناراوەکانی باشوور) فەرەنسا جیا بکاتەوە و لەوێ دەوڵەتێکی فەلەستینی پێکبهێنێت.»
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، لە هەفتەکانی سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا پێشنیاری کردبوو، نزیکەی دوو ملیۆن فەلەستینیی دانیشتووی غەززە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەو ناوچەیە دەربچن و ئەمریکا خاوەندارێتیی غەززە بگرێتە ئەستۆ و بیکات بە ناوچەیەکی کەناراویی گەشتیاری (ڕیڤیێرای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست).
بەڵام حکوومەتی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، ڕەنگە ئەمساڵی زایینی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی بە فەرمی بناسێنێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، بە فەرمی ناساندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی بە «ئەرکێکی ئەخلاقی» و «پێویستییەکی سیاسی» ناوبردبوو. ماکرۆن داوای لە وڵاتانی ئەورووپایی کردووە، ئەگەر دۆخی قەیرانی مرۆیی لە غەززە باشتر نەبێت، هەڵوێستێکی توندتر بەرانبەر ئیسرائیل بگرنەبەر و هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر ئیسرائیلدا کرد.
ئیسرائیل لە کاردانەوەیدا کۆشکی ئەلیزێی بە «هەڵگیرساندنی جەنگی خاچپەرستانە دژی دەوڵەتی جوو» تۆمەتبار کردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەورووپایی پشتگیری لە چارەسەری ناسراو بە «دوو گەل، دوو دەوڵەت» دەکەن. بەپێی ئەم چارەسەرە، دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لەسەر بنەمای سنوورەکانی پێش ساڵی ١٩٦٧ لە کەرتی ڕۆژئاوا، کەرتی غەززە و قودسی ڕۆژهەڵات، لە تەنیشت دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دادەمەزرێت.
هەواڵی داهاتوو

