zagros news agency

ئیسرائیل: بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، ڕۆژانە گفتوگۆ لەگەڵ سووریا دەکەین

 

تزاخی هانگبی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ڕۆژانە لە نێوان ئیسرائیل و ڕژێمی سووریادا لە ئاستە جیاوازەکاندا لە ئارادایە و هەردوو لا سەبارەت بە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان گفتوگۆ دەکەن.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی “ئیسرائیل هیوم”، هانگبی لە دانیشتنێکی نهێنیی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگریی کنێستدا لە ڕۆژی یەکشەممە گوتبووی: «لە نێوان ئیسرائیل و سووریادا لە هەموو ئاستەکاندا گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ڕۆژانە هەیە. من خۆم سەرپەرشتیی ئەم دانوستانانە لەگەڵ بەرپرسە سیاسییەکانی سووریا دەکەم.» ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، سووریا و لوبنان وەک بەربژێری چوونە نێو ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوە، ناسراو بە “پەیمانی ئیبراهیم”، سەیر دەکرێن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە دابڕێنەرەکانی سووریا، هانگبی گوتی: «ئەگەر پێوەندی ئاسایی ببێتەوە، ئەم پرسە تاوتوێ دەکەین.» بەڵام جەختی کردەوە: «لە بەرزاییەکانی جەبەل شێخ (حەرمۆنی سووریا) ناکشێینەوە.»

لێدوانەکانی هانگبی پشتڕاستکەرەوەی ئەو ڕاپۆرتە بیانییە دواییانەن سەبارەت بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان تەلئەبیب و دیمەشق؛ گفتوگۆکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر سنوور و ڕێگریکردن لە پێکدادان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرکردەی نوێی سووریا، ئەنجام دەدرێن. بە گوتەی هانگبی، ئەم پەیوەندییە تەنیا سنووردار نییە بە کەناڵە سەربازییەکان، بەڵکوو پەیوەندیی دیپلۆماسیی ڕاستەوخۆش لەخۆ دەگرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی دەرمان دادەبەزێت  

سەڵاح

پرێمەرلیگ.. مانچستەر یونایتد بەردەوامە لە سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی

یاسین

کۆمپانیای Apple پلانەکانی دەگۆڕێت

یاسین