دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن، سەرۆکى نوێى دادگاى فیدراڵیى عێراق، لە کۆشکى سەرۆکایەتی لە بەغداد، لەبەردەم لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق سوێندى یاسایی خوارد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆککۆمارى عێراق، وێڕای پیرۆزبایی لە دادوەر مونزر حسێن، بۆ دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى نوێى دادگاى فیدڕاڵى، ئاماژەى بە رۆڵى گرنگی دادگا لە پاراستنى پرۆسەى دیموکراسى و جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان کرد.
سەرۆککۆمارى عێراق، دووپاتیشیکردووەتەوە، رێزگرتن لە دەستوور و پەنابردن بۆ بڕگەکانى بۆ بونیادنانى دەوڵەتێکى سەقامگیر و دادپەروەر، لەسەر بنەماى سەروەریی یاسا و دەستەبەرکردنى ماف و ئازادییەکان کۆڵەکەیەکى گرنگن.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی پابەندبوونی خۆی بە بڕگەکانی دەستوور و یاساوە دووپاتکردەوە و سووڕبوونی لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی دادگەکە و بەدوورگرتنی لە هەر دەستوەردانێک راگەیاند، “سەرچاوەکەی هەرچییەک بێت.” هەروەها سوپاسی سەرۆککۆماری کرد بۆ جەختکردنەوەی لەسەر سەربەخۆیی دادگا، بەو پێیەی کە “پارێزەری دەستوورە.”
دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن:
– ساڵی 1963 لە بەغداد لەدایکبووە
– لە ساڵى 1989 بڕوانامەی لە کۆلێجی یاسای زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە
– لە ساڵى 1998 خولی 21ی پەیمانگای دادوەری تەواوکردووە
– لە ساڵى 2018ـەوە لە دادگای تێهەڵچوونەوەى فیدراڵی کار دەکات
– جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە بووە
– ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵی بوو


