zagros news agency

بەرپرسێکی باڵای ئەڵمانی: سووریا هێشتا ئاستەنگە لە بەردەم گەڕانەوەی پەنابەراندا

 

سیاسەتمەدارێکی دیاری ئەڵمانی  دەڵێت، سووریا هێشتا بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران و وڵاتێکی سەقامگیر نییە ئاشکرای دەکات، هەوڵەکانیان بۆ ڕادەستکردنەوەی تاوانبارانی سووریایی بە حکوومەتی دیمەشق، بێئەنجام بووە. هاوکات داوا دەکات ژمارەی وەرگرتنی پەنابەران کەم بکرێتەوە.

ئەلێکساندەر دۆبرینت، سیاسەتمەداری دیاری پارتی یەکێتیی سۆسیال مەسیحی (CSU) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری “فۆکسی” ئەڵمانی، دوایین هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی پەنابەران لە وڵاتەکەی خستە ڕوو.

دۆبرینت گوتی: “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی سووریا بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو تاوانبارە سووریاییانەی لە ئەڵمانیا نیشتەجێن بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک.”

ناوبراو جەختی کردەوە، بە شێوەیەکی گشتی سووریا هێشتا وەک وڵاتێک دادەنرێت کە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران پڕە لە ئاستەنگ و شوێنێکی سەلامەت نییە.

سیاسەتمەدارە ئەڵمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵ دەدەن لەگەڵ تاڵیبانیش لە ئەفغانستان بکەونە گفتوگۆوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە ئەفغانییانەی کە لە ئەڵمانیا تاوانیان ئەنجام داوە.

دۆبرینت داوای کرد کە سنوورێک بۆ وەرگرتنی پەنابەران دابنرێت و گوتی: “پێویستە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی ساڵانە لە ئەڵمانیا وەردەگیرێن، لە ٢٠٠ هەزار کەس کەمتر بێت.” بە گوتەی ئەو، ساڵی ڕابردوو ئەڵمانیا ٦٠٠ هەزار داواکاریی پەنابەری تۆمار کردووە و ئەم ژمارەیە زۆرە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە پرسی ناردنەوەی پەنابەرانی تاوانبار بۆ وڵاتانی وەک سووریا و ئەفغانستان بووەتە ڕۆژەڤێکی گەرمی سیاسی لە ئەڵمانیا. نانسی فایزەر، وەزیری نێوخۆی ئێستای ئەڵمانیا، پێشتر ڕایگەیاندبوو گەڕاندنەوەی تاوانباران بۆ ئەو دوو وڵاتە لە ئەولەوییەتی کارەکانی حکوومەتەکەیدایە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى خوالێخۆشبوو د. ئاشتى هه‌ورامى ده‌كات

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له‌ كونسوڵى گشتيى نوێى ئيمارات كرد

یاسین

وەزیری کارەبا بڕیارێکی گرنگ بۆ پاراستنی ژینگەی دا

سەڵاح