zagros news agency

باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران کرایەوە

 

باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران، پاش ئەوەی لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران داخرابوو، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی تەممووز، دووبارە کرایەوە. بەڵام لە ئێستادا خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکان پێشکەش ناکات. سویسرا هەروەها وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران کار دەکات.

بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، بڕیاری کردنەوەی باڵیۆزخانەکە لە تاران دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەمنی و هەروەها لەدوای گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکایی دراوە. وەزارەتی دەرەوەی سویسرا هەروەها گوتی، لە ئێستادا خزمەتگوزاریی کونسوڵگەری لە باڵیۆزخانەکەدا ئەنجام نادرێت.

بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی شەممە (٥ی تەممووز)، باڵیۆزی سویسرا لە تاران، نادین ئۆلیڤیێری لۆزانۆ، لەگەڵ تیمێکی بچووکدا لە ڕێگەی سنووری ئازەربایجانەوە بە شێوەی وشکانی گەیشتوونەتە تاران.

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە درێژەی بەیاننامەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە، بارودۆخی ئێستای ئێران ڕێگە دەدات خزمەتگوزارییەکانی باڵیۆزخانەکە بە شێوەی قۆناغبەندی دەست پێ بکەنەوە، بەڵام دەرکردنی ڤیزا و خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکانی دیکە لە ئێستادا ئەنجام نادرێن.

باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران و لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە شێوەیەکی کاتی داخرابوو و کارمەندەکانی ئێرانیان جێهێشتبوو.

هاوکات لەگەڵ داخستنی باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران، باڵیۆزخانەکانی ئەو وڵاتە لە ڕامەڵا و تەلئەبیب لە کارەکانیان بەردەوام بوون. وەزیری دەرەوەی سویسرا سەبارەت بە هۆی بەردەوامبوونی کارەکانیان گوتی، ئەو باڵیۆزخانانە بارودۆخێکی ئەمنیی زۆر بەهێزیان هەیە و سیستەمی ئاگادارکردنەوە و پەناگەیان تێدایە، لە کاتێکدا باڵیۆزخانەی تاران ئەو تایبەتمەندییانەی نییە. باڵیۆزی سویسرا لە ئیسرائیل توانیبووی لە یەکێک لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕزگاری بێت.

باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە و دوای پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە ئێران و هەندێک خزمەتگوزاریی کونسوڵگەری بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکایی پێشکەش دەکات، وەک داواکاریی دەرکردنی پاسپۆرت، گۆڕانکارییە مەدەنییەکان و پێشکەشکردنی پشتیوانیی کونسوڵگەری.

هەواڵی پەیوەندیدار

فلیک؛ بێزار بووم لەو هەموو کارتە سوورە

یاسین

لەکۆتاییدا لویس دیاز قسەی کرد دەربارەی مەرگی دیاگۆ جۆتا

یاسین

سەرۆکوەزیرانی لوبنان بۆ چەند پرسێک دێتە بەغدا

یاسین