حکوومەتی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا چەند مەرجێکی داناوە. ئەمەش وەک ئامادەییەک بۆ دەستپێکردنی گەڕی شەشەمی دانوستانەکان لێک دراوەتەوە کە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕاگیرابوو.
بەپێی هەواڵێکی “ڕۆیتەرز”، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە و ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ زلهێزە ئەورووپاییەکان لە ئەستەنبوڵ، گوتی ئێران ئامادەیە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست پێبکاتەوە، بەو مەرجەی ڕەچاوی هەندێک “بنەما” بکرێت.
غەریب ئابادی کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، پێشتر بە پەیامنێرانی گوتبوو، پێویستە ئەورووپاییەکان هەڵوێستەکانیان لەگەڵ ئەمریکا یەک نەخەن، لەو حاڵەتەدا دەتوانرێت هیوای سەرکەوتنی دانوستانەکانی ئەستەنبوڵ هەبێت. سێ وڵاتە ئەورووپاییەکەی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڕەشەیان کردووە ئەگەر تا نۆی ئەیلوول ئێران نەگاتە ڕێککەوتنێک لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە، “میکانیزمی پەلەپیتکە” کارا دەکەن کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
غەریب ئابادی لەبارەی گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گوتی، ئەم دانوستانانە دەکرێت دەست پێبکەنەوە بەو مەرجەی مافەکانی تاران بەپێی پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بە فەرمی بناسرێت، حکوومەتی ئەمریکا بتوانێت جێی متمانەبوونی خۆی بۆ تاران بسەلمێنێت و هەروەها گەرەنتی بدات کە لە کاتی دانوستانەکاندا پەنا بۆ کردەی سەربازی دژی ئێران نابات.
چەند ڕۆژێک پێشتر، دۆناڵد ترەمپ لە کاردانەوەی بەرانبەر لێدوانەکانی عەباس عێراقچی بۆ “فۆکس نیوز” کە جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران کردبووەوە، گوتبووی ئەگەر پێویست بکات، ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش دەکاتەوە سەر ئێران.

