سانا، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا، بەشەکانی زمانی فارسی، ڕووسی و عیبریی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی سڕیوەتەوە.
ئاژانسی سانا لە سەردەمی حکوومەتی بەشار ئەسەددا بە حەوت زمان، لەنێویاندا فارسی، هەواڵی بڵاودەکردەوە، بەڵام لەم دواییانەدا و دوای گۆڕانکارییەکانی مانگەکانی ڕابردووی سووریا و هاتنەسەرکاری حکوومەت بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەڕع، سێ بەشی زمان، لەنێویاندا فارسی، لە ماڵپەڕەکەیدا ڕاگرتووە و لە بەرانبەردا بەشی زمانی کوردیی بۆ زیاد کردووە.
ئێستا سانا هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی، جگە لە زمانی عەرەبی، بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، تورکی، ئیسپانی و کوردی بڵاو دەکاتەوە.
حکوومەتەکەی ئەحمەد شەڕع هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە نزیکەکانیانی لە سووریا دەرکردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە، ماوەی بوون و کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتەدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵک لە شەڕی ناوخۆدا و زیانێکی دارایی گەورەشی بە سووریا گەیاندووە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و ڕۆژئاواوە.
لەم هەفتەیەدا حکوومەتی سووریا خۆشحاڵیی خۆی بە کۆتاییهاتنی فەرمیی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە دەربڕی و باسی لە قۆناغێکی نوێ بۆ ژیانی خەڵکی سووریا کرد.
تا ئێستا لە ماڵپەڕی سانا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ئەم گۆڕانکارییانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

