محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دۆحە شەرمەزار کرد و گوتی حکوومەتەکەی تەنیا ١٠ خولەک دوای تەقینەوەکە ئاگادار کراوەتەوە و ئیسرائیل بە بەکارهێنانی چەکی لە ڕادارەوە ون، ئەم “خیانەت”ی کردووە.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەو بانگەشانەی ڕەت کردەوە گوایە واشنتن یان تەلئەبیب پێشوەختە هۆشدارییان داوەتە وڵاتەکەی و بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، یەکەم پەیوەندی تەنیا ١٠ خولەک دوای ڕووداوەکە کراوە.
ئەو ئەم هەنگاوەی ئیسرائیلی بە “خیانەت” وەسف کرد و گوتیشی، ئەو وڵاتە چەکی وای بەکارهێناوە، ڕادار هەستیان پێ نەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، پێشتر گوتبووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەستبەجێ نێردەی تایبەتی خۆی “ستیڤ ویتکاف”ی بۆ ئاگادارکردنەوەی قەتەر لە هێرشێکی نزیک ڕاسپاردووە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش جەختی کردەوە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەیان بەدەست نەگەیشتووە.
بە گوتەی ئال سانی، میری قەتەر فەرمانی کردووە تیمێکی یاسایی هەموو بژاردەکانی وەڵامدانەوە و ڕێکارەکانی ئەگەری توڵەسەندنەوە تاوتوێ بکات و جەختیشی کردەوە ئاسایشی هاووڵاتییانی قەتەری لە پێشینەی سەرەکیی ئەم پرۆسەیەدا دەبێت.

