پێگەی میدل ئیستی بەریتانی ئاشکرای کرد، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر، چالاکی چڕ و پڕی ئاسمانیی تورکیا لە نزیک سنوورەکانی سووریا و عێراق بەدی کراوە.
میدل ئیست بڵاویکردەوە، فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیا رۆژی سێشەممە لە دوو بنکەی ئاسمانی لە دیاربەکر و مەلاتیا فڕین، ئەوەش دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسیان کردە ئامانج.
میدل ئیست لە زاری شایەتحاڵان له دیاربەکر بڵاویکردۆتەوە، پاشنیوەڕۆی دوێنێ لە نزیک یەکێک لە بنکە سەرەکییە ئاسمانییەکانی تورکیا چەند فڕۆکەیەکیان لە ئاسماندا بینیوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ میدل ئیست پشتڕاستیان کردۆتەوە کە هێزی ئاسمانیی تورکیا لە ماوەی شەوێکدا فڕۆکەی دیکەی رەوانە کردووە و سووڕانەوەی فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانی تورکیادا چڕتر بۆتەوە.
سەرچاوەیەک گوتی: تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئامادەباشی رانەگەیەندراوە، بەڵام فڕینی رۆژانه لە ناوچەکانی نزیک لە ئاسمانی سووریا و عێراق چڕکراونەتەوە.

