کاریگەرییەکانی هێرشێکی ئەلیکترۆنی لە فڕۆکەخانەی بەرلین (BER) لە ڕۆژی دووشەممە، 22ی ئەیلوولدا، هێشتا بەردەوامە. بەهۆی لێکەوتەکانی هێرشەکە و گەڕانەوەی هەزاران بەشداربووی پێشبڕکێی ماراسۆن، فڕۆکەخانەی بەرلین جارێکی دیکە ڕووبەڕووی دواکەوتنی درێژخایەن و کێشەی زیاتر بووەتەوە. پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ نزیکەی ٩٥ هەزار گەشتیار لەم فڕۆکەخانەیەوە گەشت بکەن، کە بە گوتەی وتەبێژی فڕۆکەخانەکە، ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لە ڕۆژێکی دووشەممەی ئاسایی کە لەنێوان ٧٥ هەزار بۆ ٨٥ هەزار گەشتیارە.
لە فڕۆکەخانەی هیترۆی لەندەنیش، کارمەندان تا ڕۆژی یەکشەممە، 21ی ئەیلوول، بە چڕی سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی گەشتەکان بوون. هەروەها، فڕۆکەخانەی دبلن ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند هێشتا خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکانن و تا نیوەڕۆی یەکشەممە، ١٣ گەشت لەو فڕۆکەخانەیە هەڵوەشابوونەوە.
فڕۆکەخانەی بەرلین داوای لە گەشتیاران کردووە ئۆنلاین “چێک-ئین” بکەن و ئەگەر بکرێت، جانتاکانیان لە ڕێگەی ئامێرە ئۆتۆماتیکییەکانەوە ڕادەست بکەن.
لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی وەک دبلن، برۆکسل و لەندەنیش گەشتیاران هێشتا ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی هێرشەکە دەبنەوە. بۆ نموونە، فڕۆکەخانەی برۆکسل داوای لە هێڵە ئاسمانییەکان کردووە نیوەی گەشتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانیان بۆ ڕۆژی دووشەممە هەڵبوەشێننەوە و داواشی لە گەشتیاران کردووە دوو بۆ سێ کاتژمێر پێش گەشتەکەیان لە فڕۆکەخانە ئامادە بن.
کۆمپانیای خزمەتگوزاریی کۆمپیوتەری “Collins Aerospace” پشتڕاستی کردەوە کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١٩ی ئەیلوول، کراوەتە ئامانجی هێرشێکی ئەلیکترۆنی. ئەم کۆمپانیایە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە کار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کڕیارەکانی دەکات. تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی هۆکاری پشت هێرشەکە بڵاو نەکراوەتەوە.

