zagros news agency

فەرشی ئێرانی؛ لە هێمای شکۆمەندییەوە بۆ قەیرانی بازاڕ

سەردەمێک فەرشی ئێرانی وەک هێمای شکۆمەندیی کولتووریی ئەو وڵاتە دەناسرا و لە سەرانسەری جیهاندا کڕیاری هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو پێگە بەهێزەی جارانی نەماوە. گەمارۆکانی ئەمریکا وەک هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیە دادەنرێت، هاوکات گۆڕانی دۆخی ئابووریی جیهان و گواستنەوەی پیشەسازیی فەرش بۆ وڵاتانی دیکە، کاریگەریی بەرچاویان هەبووە.
حامید نەبیزادە، بازرگانێکی فەرش، دەڵێت: “سەرباری ئەوەی ئابووریی جیهان ئاڵۆز بووە، بۆ کەسێک کە لە وڵاتێکی ئەورووپاییدا دەژی، گرانە ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار دۆلار بە فەرشێکی ئاوریشم بدات، چونکە هەم گواستنەوەی بۆ گەشتیار قورسە و هەم نرخەکەشی زۆر بەرزە.”
ئەو بازرگانە ئێرانییە ئاماژە بەوەش دەکات، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی کەمبوونەوەی بازاڕی فەرشەکانیان، گۆڕانی شێوازی دیکۆری ناوماڵە لە ئێران و هاوردەکردنی فەرشی هەرزانبەها لە وڵاتانی دیکەوە.
نەبیزادە هەروەها گوتی: “ئێستا لە وڵاتانی وەک تورکیا، هیندستان و چینەوە فەرش هاوردەی ئێران دەکرێت و بەوهۆیەوە بەشێک لە بازاڕی فەرشی ئێرانیمان لەدەست داوە. لە لایەکی دیکەشەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی دیکۆری هاوچەرخ، پێویستە ئێمەش بەپێی خواست و شێوازە نوێیەکان فەرش بەرهەم بهێنین و کەمتر لەسەر شێوازە کلاسیکەکان سوور بین.”
شایەنی باسە، پیشەسازیی فەرشی دەستچنی ئێران لە ساڵانی نەوەدەکاندا، لە ڕێگەی هەناردەکردنەوە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار داهاتی بۆ ئەو وڵاتە هەبوو. بەڵام دوای سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا، ٩٥٪ی ئەو داهاتە لەدەست چوو و ئەم پیشەسازییە نەریتییەی ئێران، بازاڕی ئەمریکای وەک گەورەترین کڕیاری خۆی لەدەست دا.

هەواڵی پەیوەندیدار

فەڵەستینییەک حەوت سەربازی ئیسرائیلی بریندار کرد و خۆشی کوژرا

سەڵاح

بازاڕێکی گەورەی گواستنەوەی یاریزانان چاوەڕێی ئارسناڵ دەکات

یاسین

لە بەغدا چاودێرانی هەڵبژاردن دەرکراون

سەڵاح