ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی وەزیری ناوخۆی فیدڕاڵی کرد بۆ چارەسەرکردنی پرسی سڕکردنی تۆمارەکانی باری شارستانیی کوردانی فەیلی.
لە راگەیەندراوەکی نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هاتووە: “بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنە شەرعییەکانیان و لادانی زیان و ستەم، شاخەوان عەبدوڵڵا نووسراوێکی ئاراستەی وەزیری ناوخۆی فیدڕاڵی کردووە سەبارەت بە هاووڵاتییانی کوردی فەیلی کە تۆمارەکانی باری شارستانییان لە فەرمانگەی باری شارستانی لە قەزای خانەقین و مەندەلی و فەرمانگەكانی تر سڕ کراون و لە سەردەمی رژێمی پێشوو دەركراون، بە پێی یاسا دەبێت رەگەزنامەكەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.”
له راگەیەندراوەکەدا هاتووه: “شاخەوانی عەبدوڵڵا داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیه بکات و سڕکردن لەسەر تۆمارەکانی باری شارستانی هەڵبگرێت، هەروەها ستەم لەسەر کوردانی فەیلی لاببرێت، کە زۆر و بۆ ساڵانێکی درێژ ئازاریان چەشتووە و قوربانیی گەورەیان داوە لەبەر وابەستەیی نەتەوەیی و نیشتمانییان.”

