بەربژێری ژمارە ١٤ لە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی رایدەگەیەنێت كە بە لای پارتییەوە هەرێمی كوردستان یەك زۆنە كە ئەویش زۆنی كوردستانە و ئامانجیشی تەنیا خزمەتكردنی ئەو زۆنەیە بە هەموو ناوچەكانیەوە.
د. حەسەن مەحموود قامیشی، بەربژێری ژمارە ١٤ی لیستی ٢٧٥ی پارتی لە بازنەی سلێمانی، بۆ زاگرۆس ئاماژەی بەوە داوە: ”لای هەندێک حزب و لایەن هەموو هەوڵێک دراوە بۆ شێواندنی ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتنی کوردستان، بەڵام هیچ کات پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی قەبووڵ نەکردووە و بێ جیاوازی دەستی ئاوەدانی گەیاندووە بە تەواوی شار و قەزا و ناحیە و گوندەکان لە نزیکترینەوە بۆ سەر سنوورەکان.“
ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە هەندێك لایەن نەیانهێشتووە ئاوەدانی بگاتە هاوڵاتیانی هەندێک لە شارەکان، تاوەكوو دواتر هەر خۆیان بانگەشەی ئەوە بكەن گوایە حكوومەتی هەرێمی کوردستان یان پارتی دیموکراتی کوردستان کەمتەرخەمە، بەڵام ”لە سەردەمی رێزدار مەسرور بارزانیەوە ئەو هێڵە شکێندرا و کاروانی ئاوەدانی بە هەمان خێرایی و هەمان کوالێتی هەموو کوردستانی گرتەوە.“
هەروەك پەیامی خۆی ئاراستەی خەڵكی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و شارەزوور و شارباژێڕ كردووە و نووسیویەتی: ”ئێستا کاتی بڕیاردانی ئێوەی هاووڵاتییە، بڕیار بدەن، ئێوە شایەنی باشترینەکانن، مەهێڵن رێگری بکرێت لەو مافە سەرەتاییانەی کە مافی خۆتانە و هەندێک لایەن بێبەشیان کردوون.“

