zagros news agency

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: لە نەزانینی ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نیگەرانین

 

ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم (IAEA)، نیگەرانیی خۆی لەبارەی نەزانینی ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە لایەن ئێرانەوە دەربڕی و ڕایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، توانای چاودێریکردنی ئەو ڕێژەیەیان لەدەست داوە. هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ئەمریکا کردووە زیانەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل قەرەبوو بکاتەوە، بەهۆی پێشێلکاریی ئاشکرای جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی فەرمی ئاژانسەکە، ئێران خاوەنی زیاتر لە ٤٤٠ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی پیتێنراوە بە ڕێژەی ٦٠%، کە ئەم ڕێژەیەش نزیکە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و دەتوانێت ١٠ بۆمبی پێ دروست بکات.

لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە دانپێدانانی سەرۆککۆماری ئەمریکا لەبارەی ڕۆڵی وڵاتەکەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا کرد. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و مافی ئێرانە قەرەبووی دارایی بکرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەکەیدا ئەوەشی خستە ڕوو، چاوەڕوانی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە دژی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بوەستێتەوە.

پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندبوو، حکومەتی وڵاتەکەی پابەندی پەیماننامەی ڕێگری لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییە و چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی سەردانی ناوەندەکانی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەیان کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئەحمەد داودئۆغڵو دەکات

سەڵاح

ناساندنی كتێبی جینالۆجیای ناسنامە لەناو هێزە نەرمەكانی نەتەوەدا بەرێوەچوو

سەڵاح