توێژەرانی كاروباری ئەمنی لە عێراق رایدەگەیەنن، لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام ڕایانناگەیەنن، چونکە مەترسیدارە. ئاماژە بەوەش دەدەن، بۆردومانەكان پاڵنەری سیاسییان لەپشتەوەیە و لێکۆڵینەوەکان بوونەتە شتێکی ڕۆتینی و ئەنجامەکانی پێشوو کوان؟ موجاهید ئەلسومەیدەعی، توێژەری کاروباری ئەمنی، لەبارەی بۆردومانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا کە (ئەلجیبال) بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەڵێت: “بۆردومانکردنی کۆرمۆر پاڵنەری سیاسیی لەپشتەوەیە و لێکۆڵینەوەکان بوونەتە شتێکی ڕۆتینی و ئەنجامەکانی پێشوو کوان؟.
” دەشڵێت: “کێڵگەی کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی غازە و کاریگەرییەکەی چەندین پارێزگا دەگرێتەوە و بۆردومانکردنی زیانی بە عێراق و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.” ئاماژەی بەوەش كردووە “واشنتۆن لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە توانای شوێندۆزینەوەی وردی هەیە و دەتوانێت ئەو خاڵە دیاری بکات کە فڕۆکە بۆردومانکەرەکەی کۆرمۆری لێوە بەرزبووەتەوە.
” هاوكات، غالب ئەلدەعمی، توێژەری سیاسی، دەڵێت: “بیری هەموو عێراقییەکان بۆ ئەوە دەچێت کە گرووپە چەکدارەکان لە هێرشەکەی کۆرمۆردا تێوەگلاون كە یەکەم زیانمەندی بۆردومانکردنەكە پارێزگای سلێمانییە”. هەروەها گوتی: “لێکۆڵینەوەکانی پێشوو لە هێرشەکانی سەر وێستگەکانی وزە گەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام ڕایاننەگەیاندووە، چونکە (مەترسیدارە)، هەر تاوانێک لە کاتژمێرەکانی یەکەمدا ئاشکرا نەکرێت، ئەوا تاوانێکی سیاسییە.” ئەلدەعمی پێیوایە، ناوەندەکانی دەسەڵات لەسایەی سیستەمی ئێستادا دەگۆڕێن، ئیسلامی سیاسی لەم قۆناغەدا دەڕوات و ڕۆژهەڵاتی نوێ دێت، ئێمە ئێستا بەرەو گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێزە ناوخۆییەکاندا دەڕۆین.
لەمبارەیەوە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، شەوی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، ڕوونە ئەوەی کراوە، هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کارێکی تیرۆریستییە و هێرشەکەش لە ناوخۆدا کراوە. بۆ زانینی بکەرانیشی دەبێت چاوەڕێی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە بکەین. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، لە ڕاپۆرتی هێرشەکانی پێشتردا کە ئێستا لای حکوومەتی عێراقە، ناوی کەس و لایەنە هێرشکارەکە هەیە، بەڵام بەداخەوە حکوومەت ڕاپۆرتەکەی بڵاو نەکردەوە.
گوتیشی: “پێموایە ئەگەر ڕاپۆرتەکە بڵاو بکرێتەوە و ڕێکار بگیرێتە بەر، ئەم هێرشەی دوایی ڕووی نەدەدا و دووبارە نەدەبووەوە.” سەبارەت بەو گرووپەش کە هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری ئەنجام داوە، فوئاد حوسێن ئەوەی خستە روو لایەنەکە ناسراوە و ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجام داوە گرووپێکە کە چەکی گرنگ و پێشکەوتووی هەیە.

