zagros news agency

لە ھیندستان و لوبنانەوە.. بڕوانامەی ساختە مەترسی لەسەر پیشەی پزیشکی و ئەندازیاری لە عێراق دروست دەکات

 

ئاشکرابوونی گەندەڵییەکی گەورە کە پۆلیسی ھیندی لە ویلایەتی کێرالا ئاشکرای کرد، پەیوەست بوو بە یەکێک لە گەورەترین تۆڕەکانی ساختەکردنی بڕوانامەی زانکۆیی لە جیھاندا، بوو به‌هۆى دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى دۆسیه‌ی بڕوانامه‌ى ساخته‌ خوێندکارانی عێراق لە زانکۆ بیانییەکاندا، بە تایبەتی ھیندییەکان.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ھیندستان بڵاویان کردووەتەوە، پۆلیس سەدان بڕوانامەی ساختەی لە بوارە جیاوازەکاندا دەستبەسەر کردووە، کە زۆربەیان لە پسپۆڕییەکانی پزیشکی و پەرستاری و ئەندازیاری و بەرنامەسازی بوون، ھەروەھا مۆری ساختەشیان دۆزیوەتەوە کە لۆگۆی نزیکەی 28 زانکۆی ھیندی ھەڵگرتووە. خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ئەو بڕوانامانەی ساختە کراون، ڕەنگە لە یەک ملیۆن بڕوانامە زیاتر بن، ھاوکات 11 کەس لە ویلایەتە جیاوازەکاندا دەستگیر کراون، ئەوەش دوای دامەزراندنی چەندین چاپخانە لە ویلایەتەکانی وەک تامیل نادو، بەنگالورو، ئەندرا پرادیش، ماھاراشترا، گوا، دەلھی، بەنگالی ڕۆژئاوا، ھەروەھا کێرالا، بۆ ئەوەی چالاکییەکانی تۆڕەکە بە زۆربەی ناوچەکانی وڵاته‌كه‌دا، بڵاو بێتەوە.

 

وردەکارییەکان ئەوە دەردەخەن کە تێچووی بڕوانامەیەک لە نێوان 75 ھەزار بۆ 150 ھەزار ڕووپییە، کە دەکاتە نزیکەی 850 بۆ 1700 دۆلارى ئه‌مریكی، لەگەڵ بەکارھێنانی تەکنیکەکانی چاپکردن و مۆری پرۆفیشناڵ کە ئاشکراکردنی ساختەکاری بە ڕێگا تەقلیدییەکان سەخت دەکات، ئەوەش وای لە پۆلیسی ھیندستان کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی فراوان لە ئاستی وڵاتدا بکاتەوە، کە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تێوەگلانی کارمەندانی ھەندێک زانکۆ لە دزەپێکردنی نموونەی بڕوانامەکان یان داتای فەرمی بۆ بەرژەوەندی ئەم باندەکان دەگرێتەوە.

 

لە ھەمان چوارچێوەدا، ئەکادیمیستەکانی عێراق ئەو دۆسیەی ساختەکردنی بڕوانامە، ئه‌وه‌ وه‌بیر ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ پێشتر لە لوبنان ڕووی داوه‌، دوای ئەوەی زانیاری و بەڵگەنامە دەرکەوتن کە پەیوەست بوون بە بەخشینی بڕوانامەی زانکۆیی کە ستانداردەکانی تێدا نەبوو یان لەلایەن دامەزراوەی جێگەی گومانەوە دەرچووبوون، بەبێ ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ڕێوشوێنی ڕوون و ئاشکرا بەرامبەر بەم دۆسیەیە ڕابگەیەنێت، چ لە ڕووی پێداچوونەوەی گشتگیری بڕوانامە ھاتووەکان لەو زانکۆیانەوە یان دانانی میکانیزمی تایبەت بۆ وردبینیکردن تیایاندا. شارەزایان پێیان وایە کە دووبارەبوونەوەی ئاماژەکان بۆ گەندەڵییەکانی بڕوانامەی ساختە لە زیاتر لە وڵاتێکدا، پێویستی بە سیاسەتێکی عێراقی توندتر و شەفافتر لە مامەڵەکردن لەگەڵ بڕوانامە بیانییەکاندا دەکات.

 

ئەم پێشھاتە دەرەکییانە ڕەھەندێکی تایبەتیان لە دۆخی عێراقیدا ھەیە، بەو پێیەی خەمڵاندنە نافەرمییەکان ئەوە دەردەخەن، ژمارەی خوێندکارە عێراقییەکان کە ساڵانە ڕوو لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھیندستان دەکەن، ڕەنگە بگاتە نزیکەی پێنج ھەزار خوێندکار، لەگەڵ نەبوونی ئاماری حکوومی ڕاگەیەندراو کە بە وردی ژمارەیان یان دابەشبوونیان بەسەر زانکۆ و پسپۆڕییەکاندا ڕوون بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەیەکی بەرچاو لەوان لە بوارەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای مۆدێرن کۆ بوونەتەوە.

 

شارەزایانی بواری خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەکەن کە ھێشتا زۆرێک لە زانکۆ ھیندییە ناسراوەکان به‌ فه‌رمى دانییان پێنراوە و ناوبانگێکی ئەکادیمی باشیان ھەیە، بەڵام بوونی تۆڕی ساختەکاری بەم قەبارەیە لە ھەمان وڵاتدا، لەگەڵ پێشینەی وروژێندراو لە وڵاتانی تر وەک لوبنان، وادەخوازێت – لە ڕوانگەی ئەوانەوە – ڕێوشوێنەکانی وردبینی لەسەر بڕوانامە دەرچووەکان لە دەرەوە توندتر بکرێن، بەتایبەتی ئەوانەی کە دواتر لە وەزارەتی خوێندنی باڵا یان لە دامەزراندن لە دامەزراوە تەندروستی و ئەندازیارییەکان لەناو عێراقدا بەکار دەھێنرێن.

 

ئەکادیمیاکان پێیان وایە کە گەندەڵییە یەک لەدوای یەکەکانی دۆسیەی بڕوانامەکان، لە لوبنانەوە بۆ ھیندستان، دەبێت كارى تێدا بکرێت بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی ناساندن و یه‌كسانكردنى لە عێراقدا، نەک تەنھا لە ڕێگەی لیستی زانکۆ دانیپێدانراوەکانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی دروستکردنی کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زانکۆ بیانییەکان، و پەسەندکردنی سیستمی دڵنیایی ئەلیکترۆنی پەسەندکراوی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەک کە توانای هه‌ر تۆڕێکی ساختەکاری لە ناو ئەم وڵاتانە یان لە دەرەوەی ئەوان  کەم بکاتەوە لە تێپەڕاندنی بڕوانامەیەک کە پشت بە خوێندنی ڕاستەقینە نابەستێت، بەتایبەتی لەو پسپۆڕییانەی کە کاریگەری لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان و سەلامەتی ژێرخانی ھەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران و وڵاتانی ئەورووپایی جەخت لە درێژەدان بە گفتوگۆکان دەکەنەوە

سەڵاح

لە پارێزگای نەجەف خەڵک لەبەر بێ‌کارەبایی دێنە سەر شەقامان

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەجێگیری ماوەتەوە

سەڵاح