لە سنووری گەرمیان، سێیەم گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستیی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت، کە توانای کۆگاکردنی ئاوی بەبڕی 30 ملیۆن مەتر سێجا هەیە.
فەمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردەوە، پڕۆژەی دروستکردنی سێیەم گەورەترین بەنداو لە باوەنوور بە گەرموگوڕییەوە کاری تێدا دەکرێت و وابڕیارە ساڵی 2028 تەواو بکرێت بەڵام کاردەکرێت بۆ ئەوەی پێش وادەی دیارکراو تەواو بکرێت. 18٪ کارەکانی تەواو کراوە.
بەنداوی باوەنوور لە ناحیەی باوەنوور لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بە گوژمەی 245 ملیار دینار دروست دەکرێت، درێژییەکەی 880 مەترە، بەرزییەکەی 20 مەترە، پانییەکەی لەبنکەوە 150 مەترە، بەشی سەرڕێژبوونی لە نۆ دەرگا پێکدێت. لە ڕێگەی چوار تۆڕباینەوە کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
ئەو ناوچانەی پۆند و بەنداوەکانی تێدا دروستکراوە، ئەمساڵ لە مەترسییەکانی لافاو پارێزراو بوون، بە تەواوبوونی ئەم بەنداوەش ناحیەی باوەنوور و دەورووبەری لە مەترسی لافاو دەپارێزێت، جگەلەوەش بەنداوەکە ئەم سوودانەی بۆ سنوورەکە دەبێت:
– دەبێتە هۆی بەرهەمێنانی 34 مێگاوات کارەبا.
– کۆگاکردنی ئاو بە بڕی 30 ملیۆن مەتر سێجا.
– بوژانەوەی کەرتی سامانی ماسی، گەشتیاری و کشتوکاڵی، بەهۆیەوە 40 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراو دەکات.
– توانای گلدانەوەی ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات.
-ڕێگریکردن لە بەبیابانبوون.

