سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەڕەشەی سەربازی لە ئێران دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەمجارە هەوڵی بونیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بدات، لێی دەدەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لە هاوینەهەواری مارئالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئەگەر تاران هەوڵی بونیاتنانەوەی توانای ئەتۆمی بدات، ڕووبەڕووی گورزی توندی سەربازی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە پێشوەختە ڕێککەوتنێکی نوێ بکرێت.”
لەبارەی ڕێككەوتنی غەززەشەوە، ڕایگەیاند: “پێویستە حەماس چەک دابنێت و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان لە ئەولەویەت دایە.”
ترەمپ ئەوەشی خستە ڕوو، كە لە ناوچەكەدا هەوڵ بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سووریا دەدرێت و لەگەڵ تورکیاش گفتوگۆ دەکرێت.
ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە سیاسەتی (گوشاری زۆرترین) بۆ سەر ئێران و جێگیرکردنی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت.
سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا، هیوای خواست كە سووریا و ئیسرائیل بگەنە ڕێككەوتن.

