چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی رۆیتەرزیان ئاشکرایان کردووە، مارک ساڤایا، کە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بە نێردەی تایبەت بۆ کاروباری عێراق دەستنیشانکرابوو، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکان “یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دوورخستنەوەی ساڤایا بۆ هەڵە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکان دەگەڕێتەوە؛ بەتایبەتی شکستهێنانی لە رێگریی کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترەمپ بە ئاشکرا دژایەتی خۆی لە کاندیدکردنەوەی مالیکی راگەیاندووە”.
ساڤایا خاوەنکارێکی بە رەچەڵەک مەسیحی عێراقی – ئەمریکییە و هیچ ئەزموونێکی دیپلۆماسی پێشوەختەی نییە، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە راکێشانی دەنگی عەرەب و موسڵمانانی میشیگان بۆ بەرژەوەندی ترەمپ.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سووریا، دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگرێتە ئەستۆ. بەڕاک هەفتەی رابردوو سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.

